Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی كۆبوویەوە و هەشت بڕیاری دەركرد.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی كۆبوویەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی ستایشی ئەو هەوڵانەی كردووە كە تیمە پزیشكی و تەندروستییهكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چارەسەركردنی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە خستوویانەتە گەڕ.
ئەوهیش خراوەتەڕوو كە كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی گرنگە هاووڵاتییان زیاتر پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی بۆ ئەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر هەمووان كەم ببێتەوە.
له راگهیهنراوهكهدا باس لەوەشكراوە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەركراون:
یەكەم: قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتگیر لە رۆژانی جەژنی قورباندا كە لە رۆژی پێنجشەممە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دووەم: دووبارە كردنەوەی نۆرینگە تایبەتییە پزیشكییهكان، بەڵام بەپێی پابەندبوون بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی.
سێیەم: پێدانی مۆڵەت لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەو وەبەرهێنەرانەی كە خواستی درووستكردنی كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئۆكسجینی پزیشكییان هەیە، بە جۆرێك دەبێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان ئاسانكاریییان بۆ بكرێت.
چوارەم: راسپاردنی ئەمنیداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی هەماهەنگیی و پەیوەندیی لەگەڵ كوێت بۆ ئاسانكاری لە هێنانی ئۆكسجین لەڕێگەی دەروازەی سنووری سەفوان.
پێنجەم: راسپاردنی وەزارەتی تەندروستیی بە هەمانگیی لەگەڵ دەستەی راوێژكاری لەبارەی كردنەوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ راوێژكاریی پزیشكی لەڕێگەی كارمەندانی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستیی.
شەشەم: پەسەندكردنی راسپاردنەكانی تیمی ئامادەكاریی سەبارەت بە رێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكانی عێراق.
حەوت:راسپاردنی هێزە ئەمنییەكان بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبارەی مەرجەكانی تەندروستیی (بەستنی ماسك، پاكژكەرەوە، دوورە پەرێزیی كۆمەڵایەتیی لەگەڵ رێكارەكانی دیكە) لەگەڵ سەپاندنی سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكاران و دەستبەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكانیان.
هەشتەم: راسپاردنی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی بەچڕكردنەوەی پڕۆگرامەكانی رۆشنبیری و هۆشیاری لەبارەی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.