کاردانەوەی لایەنە فەرمییە ئەمنییەکانی عێراق لە ھەمبەر بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق: "بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانیی و دەستدرێژیی راستەوخۆیە بۆ سەر شکۆی عێراق".
Arbil
ھەولێر ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند بە ئامانجگرتی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانیی و دەستدرێژیی راستەوخۆیە بۆ سەر شکۆی عێراق و ھاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار، بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەقەڵەمدا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دڕندانە دەکەین کە لە دژی ھێزەکانی حەشدی شەعبی ئەنجامدراون لە کاتێکدا کە شانبەشانی ھێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا، ئەرکە نیشتمانیەکانی خۆیان جێببەجێ دەکەن".
ھەروەھا فەرماندەییەکە ڕاشیگەیاندووە: "بەردەوامی ئەم پێشێلکاری و دەستدرێژییە دووبارەبووانە و جیاوازی نەکردن لە ئامانجەکان، ھەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و تێکدانی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکات کە بەرپرسیارێتی لێکەوتە مەترسیدارەکانیشی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی دەستدرێژییەکان".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە دوایین ھێرشە ناڕەواکاندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەی عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ چوارشەممە ھێرشی ئاسمانیی کرابووە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە قەزای سوەیرە سەربە قەزای واست و ژمارەیەک بارەگای دیکەی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە سەرتاسەری وڵاتدا و ھاتووە: "بە ئامانجگرتی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانیی و دەستدرێژیی راستەوخۆیە بۆ سەر شکۆی عێراق".
ھەر لەوبارەیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند کە ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
قاسم ئەعرەجی لە پەیامێکدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم ڕۆژئاوای پارێزگاری ئەنبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشداوە کە لەو ھێرشەدا ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و بریندار بوون.
ھەروەھا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاندووە: "ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار، دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە".
