عێراق

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکانی بەغدا گەیشتە ١٤٢ کەس

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەی قوربانیانی هەردوو تەقینەوەکەی بەغدای پایتەختی عێراق گەیشتە ٣٢ کوژراو و ١١٠ بریندار.

Zana Natık Kerem  | 21.01.2021 - نوێکردنەوە : 24.01.2021
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکانی بەغدا گەیشتە ١٤٢ کەس

Arbil

بەغدا - AA

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەی قوربانیانی هەردوو تەقینەوەکەی بەغدای پایتەختی عێراق گەیشتە ٣٢ کوژراو و ١١٠ بریندار.

وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن محەمەد تەمیمی لە راگەیاندراوێکی ئاشکرای کردووە، ناوەندەکانی تەندروستیی لە بەغدا پێشوازییان لە ٣٢ کوژراو و ١١٠ برینداری تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغدا کردووە.

بەگوتەی حەسەن تەمیمی، لە ئێستادا تەنها ٣٦ لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەرییدان و ئەوانەی دیکە دوای چارەسەری پزیشکیی نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە.

وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن محەمەد تەمیمی بریندارانی تەقینەوەکەی لە نەخۆشخانەی گشتی کندی ناوەڕاستی بەغدا، بەسەرکردەوە. 

کارمەندێکی تەندروستیی لە نەخۆشخانەیەکی گشتیی نزیک لە شوێنی رووداوەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، زۆرینەی قوربانییەکانی هەردوو تەقینەوەکە هاووڵاتیی سڤیل بوون.

- کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسی دەزگاکانی ئەمنیی و هەواڵگریی کرد.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەکە لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بەڕێوەچووە.

لە راگەیاندراوەکە هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوکە نەخراوەتەڕوو.

لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاندبوو کە دوو خۆکوژەکە لە ئاکامی راوەدوونانیان بۆ ھەوڵی دەستگیرکردنییان لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، خۆکوژێک وەک نەخۆش خۆی نیشانداوە و داوای هاوکاریی کردووە، کاتێک هاووڵاتییان بەدەم داواکەیەوە چوونە، خۆی تەقاندووەتەوە.

دوای ئەوەی هاووڵاتییان لە هەوڵی یارمەتییدانی قوربانیانی تەقینەوەکەدا بوونە، خۆکوژێکی دیکە خۆی تەقاندەوە و بەمەش ژمارەی قوربانیان رووی لە هەڵکشان کرد.

گۆڕەپانی تەیەران بە بازاڕێکی زۆر قەرەباڵخ لە ناوەڕاستی بەغدا دادەندرێت کە رۆژانە خەڵێکی زۆر رووی تێدەکەن.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان رانەگەیاندووە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın