Fakhradin Ibrahim Mohammad
27 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2026
هەولێر - AA
ھەرچەندە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، ھەیبەت حەلبووسی ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی کانوونی دووەم، وادەی ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ بەڵام ڕەنگە مشتومڕی بەربژێری سەرۆکوەزیران، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار دوابخات.
پێشتر وەزیری دەرەوەی عێڕاق و بەربژێری پۆستی سەرکۆمار لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حوسێن ڕایگەیاندبووە کە دانیشتنەکەی سێشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەناچێت و ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنەکەیە.
ئەو گرفتەی تا ئێستا لەسەر پۆستی سەرکۆمار ھەیە، بریتییە لە ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیانتوانیووە بەربژێرێکی ھاوبەش دەستنیشان بکەن، ھاوکات یەکێکی دیکە لە گرفتەکان دەنگۆی بایکۆتکردنی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بە تایبەتی لیستی سوونەکان دژ بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی کە لایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێریی کردووە کە ئەمە بووەتە کۆسپێکی سەرەکی پڕۆسەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ھەینی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لیستی کۆتایی بەربژێرانی بۆ پۆستی سەرکۆمار بڵاوکردەوە کە ژمارەیان ١٩ بەربژێربوون، بەڵام بەهۆی کشانەوەی نەوزاد هادی لە بەرژەوەندی فوئاد حوسێن، ئێستا ١٨ بەربژێر ماونەتەوە.
بەپێی بڕیارێکی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار پێویستە یەک لەسەری سێی پەرلەمانتاران کە دەکاتە ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بن.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەوە شەشەم خوولە کە سەرکۆمار بۆ عێراق دیاری دەکرێت. ھەرکام لە جەلال تاڵەبانی (دوو خوول) بەرھەم ساڵح (یەک خوول)، فواد مەعسووم (یەک خوول) و عەبدوللەتیف ڕەشید (یەک خوول) ئەو بەرپرسیارێتییەیان لە ئەستۆ بووە و ھەموویان لەسەر پشکی کورد و لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
بەپێی نەریتێکی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی پێکھاتەی کوردە.
لە ئەگەری ھەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراقدا، ئەوە سەرکۆمار ١٥ ڕۆژ دەرفەت دەداتە بەربژێری پێکھاتەی شیعە بۆ دیاریکردنی کابینەکەی و ناساندنی بە پەرلەمان.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرەڕای ناکۆکی و مشتومڕێکی چەند مانگە، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان دا بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.