Arbil
هەولێر - AA
ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەى ناوچەکە و ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بووەتە ھۆی ناسەقامگیریی ئابووری و ماوەی چەند مانگێک دەبێت بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار بە ناجێگریی ماوەتەوە و ئەمڕۆش جارێکی دیکە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیی بەرامبەر بە ١٥٥ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ھاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەھاکەی لەدەستدا و، خواستی کڕینی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیادیکردووە بەھۆی ئەوەی نادڵنیایی لە سەرانسەری ناوچەکە بڵاوبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی سەقامگیریی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.
بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێت بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە ھەڵکشان و داکشاندایە و بە نزیکەیی ھەر سەد دۆلارێکی ئەمریکایی بەرامبەر بە ١٤٥ ھەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەم دۆخە گۆرانکاریی بەخۆیەوە بینی و ئێستاش ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٥٥ ھەزار لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی عێڕاق بەردەوام ھەوڵی سەقامگیریکردنی بازاڕ دەدەن و لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەشدا نیگەرانی لەلای بازرگانان دروست دەبێت و ناسەقامگیریی ئابووریی بەردەوام دەبێت.
