Arbil
هەولێر - AA
وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ھەژماری من کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی بانکەکان و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانیان کرد.
بەپێی ھەواڵێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کراوەتەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠٠ ھەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ھەژماری من مووچە وەردەگرن.
لە بەشێکی ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێکاری پێویست لەگەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوودا کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێر ATM یان ھەیە و ھۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.
ئەوەشخراوتەڕوو کە پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەکێکی تر بووە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی ھەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو ھۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ڕێکاری پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت، ھەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە، ئەم ھەنگاوانەش ھەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە مووچەخۆران بکات.
ھاوکات ئاماژە بەوەکراوە کە تیشک خراووەتە سەر ھەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەھیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پڕۆژەی ھەژماری من کە لەکۆی ٤٥٥ ھەزار سوودمەند تا ئێستا ٤٣٨ ھەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە ٣٥٤ ھەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.
لە ھەواڵەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەکردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ جووتیاران کراوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جووتیاران ببنە خاوەن ھەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرھەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
