عێراق, کۆڤید- ١٩

چیرۆکی گیانلەدەستدانی مونا ئیسماعیل و دەستگیرکردنی مامۆستا محەمەدی هاوسەری

مامۆستا محەمەد مامۆستای قوتابخانەیە لە ناحیەی سەرگەڕان سەربە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک و مونا ئیسماعیلی هاوسەری یاریدەدەری بەڕێوبەر بوو لە کۆمپانیای غازی باکوور و خاوەنی دوو منداڵن.

Ozin jola  | 14.07.2020 - نوێکردنەوە : 15.07.2020
چیرۆکی گیانلەدەستدانی مونا ئیسماعیل و دەستگیرکردنی مامۆستا محەمەدی هاوسەری

کەرکووک - AA

مامۆستا محەمەد مامۆستای قوتابخانەیە لە ناحیەی سەرگەڕان سەربە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک و مونا ئیسماعیلی هاوسەری یاریدەدەری بەڕێوبەر بوو لە کۆمپانیای غازی باکوور و خاوەنی دوو منداڵن. 

ئاژانسی ئانادۆڵو هەوڵی دا لە نزیکەوە بتوانێ لێدوان لە مامۆستا محەمەد وەربگرێ، بەڵام بە هۆی دۆخی تەندروستی ناوبراو کەرەنتین کردنی، بە رێگەی تەلەفۆنەوە لە زمانی خۆیەوە رووداوەکە ببیستێ.

مامۆستا محەمەد دەڵێت: "پێنجی ئەم مانگە من و مونا ئیسماعیلی خێزانم پاش ئەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنامان تیادا دەرکەوت، چووینە نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک و لەوێدا پشکنینمان بۆ کراو و پیان گوتین کە هەڵگری ڤایرسی کۆرۆناین. بۆیە داخلی نەخۆشخانە کراین، شوێنیکی ترسناک بوو هەر لە گۆڕستان دەچوو".

ئەو دەڵێت: "لەپاش تێکچوونی دۆخی تەندروستی خێزانم پزیشکەکان ئامێری هەناسەدانی دەستکردنیان بۆدانا کە یەک بوتڵی ئۆکسجین تەنها بۆ ٤٠ خولەک تەواو دەبوو بۆیه گەورەترین کێشە و ناڕەحەتی دەستکەوتنی بوتڵی ئۆکسجینە لە نەخۆشخانەکەدا، لە دوای پێنج ڕۆژ مانەوەوەمان لە نەخۆشخانە، شەوی یەکشەممە دۆخی تەندروستی خێزانم تێکچوو هەربۆیە هەوڵمدا ئۆکسجینی بۆ پەیدا بکەم کە ئەویش بەپارەیە و بۆ هەر بوتڵێک بڕی ١٠ هەزار دیناریان لێ وەرگرتین و لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی دەرمانە گرانەکان لەناو نەخۆشخانە نەبوو دەبوو لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێکڕین خۆمیش یەک دەرمانم بۆ خێزانم لە دەرەوەی نەخۆشخانە بە دوو هەزار و ٩٠٠ دۆلار کڕی".

مامۆستا محەمەد درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "لە رۆژی یەکشەممەوە قەیرانی کەمی ئۆکسجین دروستبوو و دۆخی تەندروستی خێزانیشم زۆر تێک چوو، بۆیە  زۆر بەزەحمەت سێ بوتڵی ئۆکسجینم لە کۆگای نەخۆشخانەکەوە بەسەرشانی خۆم هەڵگرت و هێنام بۆ خێزانم بەڵام یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە بوتڵە ئۆکسجینەکەی لێوەرگرتم و بردی، ئەویش وایکرد دۆخی دەروونیم زۆر تێک بچێت و ئاگام لەخۆم نەمێنێ و شاشەی یەکێک لە ئامێرەکانی هەناسەدانم شکاند، ئەمەش وەک فشارێک بوو بۆ ئەوەی فریام بکەون".

ناوبراو باس لە دوای ئەو رووداوە دەکات و دەڵێت: "هەرچەندە ئەو ئامێرەی من شکاندم بەکار نەدەهات و کۆن ببوو، بەڵام پۆلیس هاتن و منیان بردە بنکەی پۆلیسی قۆریا، لەویش تەنها هاوارم دەکرد و دەگریام و داوام دەکرد بمبەنەوە لای خێزانم و ئەو پێویستی بە منە. دوای پێنج کاتژمێر پۆلیس منیان گەڕاندەوە ە بۆ نەخۆشخانە و پاش گەیشتنم بە نەخۆشخانە لەهۆش خۆم چووم و ئاگام لەخۆم نەما ئەو پۆلیسەشی منی هێنایەوە زۆر ئازاری دام بۆ ئەوەی بەخەبەرم بهێنێتەوە".

گوتیشی: "دواتر پۆلیس منی هێنایانەوه بۆ ئەو ژوورەی کە خێزانم تیایدا خەوێنرابوو و بەقەڕویڵەی ئەودا کەلەپچەیانکردم".

مامۆستا محەمەد باس لە دۆخی تەندروستی خیزانەکەی لەو کاتەدا دەکات و دەڵێت: "دۆخی تەندروستی خێزانەکەم سات بەسات خراپتر دەبوو، منیش کەلەپچەکرابووم و هیچم پێ نەدەکرا،  تا دەمەوە بەیانی رۆژی دواتر بە کەلەپچەکراوی مامەوە و لەو کاتەیشدا خێزانەکەم هاواری بۆ دەکردم و دەگریا و دەیوت فریامکەوە، منیش هیچم پێ نەدەکرا تەنها گریان و هاوارم دەکرد".

مامۆستا محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمەو بەیانی بوو بینیم خێزانم وا دەخنکێت، لەبەرچاوی من گیانی سپارد و منیش سەیرم دەکرد".

گوتیشی: "تا ئێستا منداڵەکانمان بە رووداوەکە نازانن کە لەپاش چوونمان بۆ نەخۆشخانە هەردوو منداڵەکەم لەماڵی باوکم دانا، خەمی گەورەی من ئێستا ئەوەیە چۆن ئەو هەواڵە بە منداڵەکانم بدەم".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın