چوارچێوەی هەماهەنگی: "هێرش بۆ سەر کۆرمۆر پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە"
چوارچێوەی هەماهەنگی: "ئەندامان (ی چوارچێوەکە) جەختیان لە پێویستیی بەدواداچوون و بەردەوامی کاری لێژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە کە دەوڵەت پێوەی پابەندە".
Arbil
هەولێر - AA
چوارچێوەی هەماهەنگی کە گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی شیعە لە عێراق لە خۆ دەگرێت جەخت لە بەردەوامی کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە کە دەوڵەت پێوەی پابەندە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بڵاوی کردەوە کە ئەمشەو چوارچێوەکە ٢٥٢هەمین کۆبوونەوەی خۆی لە نووسینگەی نووری مالیکی ئەنجام داوە.
بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری تێدا باس کراوە، کە یەکێکیان، خوێندنەوە بووە بۆ ڕاپۆڕتێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە بووە و تێدا هاتووە: "گوێ بۆ ڕاپۆرتی سەرۆکوەزیران لەبارەی دۆخی ئاسایش و سیاسی وڵات و هەماهەنگی دامودەزگاکان و بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری و بەرژەوەندی هاووڵاتیان ڕاگیرا".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر باسی لێکراوە و چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لە کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، "ئەندامان(ی چوارچێوەی هەماهەنگی) جەختیان لە پێویستیی بەدواداچوون و بەردەوامی کار لێژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە کە دەوڵەت پێوەی پابەندە".
شەوی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم بە ئاراستەکردنی دڕۆن و مووشەک ھێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی و بەھۆیەوە ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕێکارە یاساییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای هەڵبژاردن و پرسی پێکهێنانی حکوومەت بووە و لەم بارەیەوە لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەروەستی نیشتمانی خۆی بۆ ئەو وادەیەی کە بە پێی دەستووری وڵات دیاری کراوە، دووپات دەکاتەوە و جەخت لە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی لە ڕەوتی سیاسیدا دەکات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
