EKIP
20 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
ھەولێر - AA
ماوەی چەند ساڵێکە، رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە پارێزگای سلێمانی ھەوڵی خۆجێگیرکردن دەدات، بەجۆرێک سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران جێگیرکران لەوانە؛ شاخە سەختەکانی شارباژێر لە پێنجوێن و لە زنجیرە شاخەکانی ئاسۆس لە نزیک گەڵاڵە، ھاوکات لە قەڵادزێ و رانیە، بەشێوەیەکی جیددی پێگەی خۆیان لەڕووی سەربازی و سیڤیلیەوە کردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەی شارباژێر (باکووری پارێزگای سلێمانی) کۆسپ و تەگەرە بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دورست دەکەن، ھاوکات شوێنەکە بووەتە ھۆکارێک بۆ سەرچاوەی داھات بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە رێگای وەرگرتنی سەرانە و باج لەو هاووڵاتییانەی کە سەرقاڵی کاری قاچاخچییەتین، ھاوکات لەڕێگای بازرگانیکردن و تێپەڕاندنی ماددەی ھۆشبەر لەو سنوورانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتریش رەوانەکردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێیی عێراق لە ھەوڵدان بۆ زیادکردنی داهاتەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، چەندین ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی بەکرێگیراوی گرووپە جیاجیاکان کە بە پارە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئەسەد دەکەن لە وڵاتانی پاکستان و ناوخۆی ئێرانەوە دەھێندرێنە سنووری شارەکانی بانە، سەردەشت و مەریوان، لەوێشەوە لەڕێگای چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە کارئاسانیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لە سنووری هەرێمی کوردستان بێنە ژوورەوە و لەوێشەوە بۆ سووریای ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی سەربە ئێران بەڕێدەکرێن. بێگومان ھەموو ئەمانەش بوونەتە ھۆکارێکی مەترسیدار لەسەر ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و ناڕەزایەتی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
جگە لە هاوردەی تیرۆریستان و کاری بازرگانی و قاچاخچییەتی ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکان، هاوکات یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە ئەندامانی پەکەکە ئەنجامیاندا و بووە ھۆی سووتاندنی زۆربەی بارەگا حزبییەکانی زۆنی سەوز، بریتیی بوو لە خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ کە ھەر ئەوکات ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بەناوی عەتا سەراوی رایگەیاند "بەشێک لە خۆپیشاندەران ئیتڵاعاتی ئێرانن و بەشێکیشیان سەربە پەکەکەن کە پەلاماری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن. پەکەکە بە ناوی خۆپیشاندان پەلاماری یەکێتی دەدات، ئەوانەی خۆپیشاندانیش دەکەن ھەوادار و دۆستانی پەکەکەن".
لە زۆنی سەوزدا و بەهۆی خۆپیشاندانەکان چەندین بارەگای حزبەکانی وەک یەکێتی، گۆڕان، پارتی، کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتووی ئیسلامی و چەندین بارەگای حکوومی وەک کتێبخانە، بانک، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ و شارەوانی لە قەزای پیرەمەگرون، دوکان، دەربەندیخان، سەیدسادق، خورماڵ، ھەڵەبجە، ناوەندی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجەی تازە، رانیە و قەڵادزێ سوتێندران.
لە میانی خۆپیشاندانەکانیشدا، زانیارییەکان بەو ئاراستەیەبوون کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لەڕێی جوڵاندنی شەقام و نیشاندانی بێتوانایی حکوومەت، دەستبگرێت بەسەر جومگە ھەستیارەکانی پارێزگای سلێمانی کۆنترۆڵی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە بکەن، بەڵام رێگریی لە هەوڵەکان کرا.
بەپێی ئەو پیلانەی هەبوو، رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە جارێکی دیکە خۆی کۆبکاتەوە و زیاتر لەنێو شارەکاندا چەکداری مەشقپێکراو کۆبکاتەوە و لە هەشتی تەمووز تا٢٠ تەمووزی ٢٠٢١ زیاتر لە ٤١ شوێن لەو ناوچانەی باسکران بگرنە دەست و کۆتایی بە دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێم بھێندرێت، ھەر ئەمەش وایکرد کە چەند وڵاتێک بکەونە خۆیان بۆ بەرگرتن لەم کارە، ھاوکات بۆ بەرگرتن لەھەر ھێرشێکی چاوەڕوانکراوی تیرۆریستانی پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکاندا، ھێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و پێشمەرگە خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.