Zana Natık Kerem
20 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، عەبدولوەھاب ساعدی رایگەیاند کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ئاماژەی بەوەیش دا کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە، رادەستی دەزگای دژەتیرۆر کراون.
عەبدولوەھاب ساعدی لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان گوتی: "دوای سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ ھەرێم، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی باش پەرەی سەندوەوە، دوای ئاڵوگۆڕی زانیاری وردی ھەواڵگریی، ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە، رادەستمان کراوە".
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق باسی لە ھۆکاری کەوتنی زۆربەی شارەکانی عێراق بەدەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا کرد و گوتی: "ھۆکاری کەوتنی شارەکان بە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، نەبوونی متمانە بوو لەنێوان دامەزراوە سەربازییەکان و ھاووڵاتییان، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٦، پەیوەندیی نێوان دامەزراوە سەربازییەکان و ھاووڵاتییان باشبووە".
عەبدولوەھاب ساعدی ئاشکراشی کرد کە زانیارییان لەسەر بەناو خەلیفەی نوێ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەیە و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان دژبە پاشماوەکانی داعش بەردەوامە و لە میانی دوو ساڵی رابردوودا تا ئێستا، ٣٠٠ تیرۆریستمان کوشتووە و ٦٠٠ی دیکەیشمان دەستگیرکردووە".
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، عەبدولوەھاب ساعدی راشیگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن فڕۆکەی (Black hawk) بکڕن کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.
عەبدولوەھاب ساعدی ئاماژەی بە رۆڵی ئێستای ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کرد و گوتی: "ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئاسمانیی و لۆجستیی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق".