Fakhradın Ibrahım Mohammad
09 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزيك، دەیڤد شنکەر کرد.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ستیڤن فەیگن ئامادەیبوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراون.
بەپێی هەواڵەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە گرژبوونی بارودۆخی ناوچەکە لە ئەنجامی رووداوەکانی ئەمدواییە دەربڕیوە و جەختیشی لەسەر هێورکردنەوەی بارودۆخەکە کردووەتەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئارامکردنەوەی بارودۆخی عێراق و هاتنەئارای حکوومەتێکی کارا و بەرپرسیار لە بەغدا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێم هەبێت و رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت.