Zana Natık Kerem
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق گەیشتنە رێککەوتنێکی بەرایی کە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە بەرامبەر رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم بە بەغدا لە رێککەوتنەکەدا، دەستەبەرکراوە.
رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەمان رێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی-یە و تەنھا ژمارەیەک بڕگەی تیایدا زیادکراوە و لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١دا جێگیرکراوە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پەسەند بکرێت.
دوای ئەوەی پڕۆژیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی بەبێ کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێندرا، جارێکی دیکە ناکۆکیی نێوان بەغدا و ھەولێر سەری ھەڵدایەوە.
لە پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی، مەرجی ئەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داندراوە کە لە بەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات.
لەمبارەیەوە بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی نیمچە فەرمی رایگەیاندووە "ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێم گەیشتوون بە ھەمان رێککەوتنەکەی پێشوو کە بڕیار بوو بخرێتە ناو بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠، بەڵام ئەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند نەکرا".
گوتیشی: "بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە دەبێت ھەرێمی کوردستان، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەگەڵ لەسەدا ٥٠ی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات لە بەرامبەردا، حکوومەتی عێراق بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت کە رێژەکەی ١٢،٦٧ لەسەدایە".
دوێنێ شەممە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ گەیشتنە رێککەوتن، گەڕاونەوە ھەولێر.
پێشتر بڕیاردەری لیژنەی دارایی، ئەحمەد سەفار راگەیاندبوو کە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر ھەمان ئەو رێککەوتنەی پێشوو کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوور عادل عەبدولمەھدی کراوە.
بەپێی رێککەوتنەکەی پێشوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەگەڵ نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا دەکات و لە بەرامبەردا، حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت.