Zana Natık Kerem
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتە و ئایینەکان لە ھەولێرەوە، گەیشتە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق.
بە ئامانجی پاراستنی پاپا فرەنسیس لە میانی سەردانەکەی بۆ مووسڵ، رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.
رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس لە میانی سەردانەکەی بۆ شاری مووسڵ لە حەوشەی بەیعە (گۆڕەپانی کڵێسا)، نوێژ بۆ قوربانییانی جەنگ ئەنجام دەدات و دواتر دەچێتە شارۆچکەی قەرەقۆش و لەوێ گوتاری قەداسەتی ئەنجیلۆسی باوک پێشکەش دەکات.
پاپا فرەنسیس دووبارە لە مووسڵەوە دەگەڕێتەوە شاری ھەولێر و ژمارەیەک کڵێسا لە شارۆچکەی عەنکاوە بەسەر دەکاتەوە و پاشان دەچێتە یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ ھەریری و لەوێ بەشداری لە رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە دووبارە دەگەڕێتەوە بەغدا.
بەمەیش کارنامەی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دووشەممە، رێوڕەسمی خوداحافیزی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ساز دەکرێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس لە سێیەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
دواتر پاپا فرەنسیس لەلایەن سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لێکرا.