Abdulhameed Husseın Karam
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند تیرۆریستانی داعش، لەدامێنی چیای قەرەچوغ، پەلاماری چەند ماڵێکی گوندێکیان داوە و بەھۆیەوە سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون و دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھید بوون.
دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە
بەداخەوە، کاتژمێر ٢٢٠٠ شەوی ٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
ھێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەھانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن.
دواتر ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەھید بوون.
وێڕای راگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە و شەھیدانی گوندی خدر جیجە، دوپاتیدەکەینەوە، کە خوێنی شەھیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن.
وەزارەتی پێشمەرگە، جارێکی تر رایدەگەیەنێت، کە ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و ھاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دەست پێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان ھەبێت.