عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆریستانی داعش ئيتر کاردانەوەی توند و خێرای دەوێت"

Abdulhameed Husseın Karam  | 03.12.2021 - نوێکردنەوە : 04.12.2021
نێچیرڤان بارزانی: "پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆریستانی داعش ئيتر کاردانەوەی توند و خێرای دەوێت"

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد کە شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش کردیانە سەر ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی شەھید و برێنداربوون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی تیرۆریستانیشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون.

لەمبارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێرش و پەلاماری رۆژانەی تیرۆریستانی داعش، ئیتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری رێکاری بەرگریی و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانیان دابنێت.

لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی ھاتووە "زۆر بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی دڕندانەی شەوی رابردووی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆسەر خەڵکی سڤیل دەکەین کە لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەھید و چەند ھاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەھیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕاونانی تیرۆریستاندا".

لە بەشێکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی ھاتووە "پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکەین و لە دڵەوە ھاوسۆز و ھاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەھیدان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "ھێرش و پەلاماری رۆژانەی تیرۆریستانی داعش، ئیتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانیان دابنێت".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە "بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازییەکاندا و ھەنگاوی خێرا و ھەنووکەیی بۆ ھەماھەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداریی و پشتیوانیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازیی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە".

نێچێرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە لە رووی سیاسیشەوە دەبێ ھەموو ھێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی راستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆریستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، و راشیگەیاندووە "ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و ھەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی کار بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın