Abdulhameed Husseın Karam
14 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2020
ھەولێر - AA
شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ٦ی٢٠٢٠ گرووپێکی چەکداری سەربە تیرۆریستانی داعش ھەڵدەکوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەربە قەزای خانەقین و حەوت کەس لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەھید دەکەن و پێنجی دیکەش برینداردەکەن لەوبارەوە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژبە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لە ھێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەروماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لە ئەستۆی ئەو ھێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان".
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار ھۆشداریمان داوە لە نەبوونی ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو.
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای ھاوبەشی وەزارەتی بەرگریی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لە رێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەروماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت".
ھەروەھا راشیگەیاندووە "بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری ھێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گرووپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەھجیر لەو ناوچانە".
بۆیە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی ھێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژبە رۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی ھەر ھەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.
ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی قوربانییانی ئەو تاوانە دژبە مرۆڤایەتییە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین".