Zana Natık Kerem
14 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاند، گرنگە زامنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتیی بكرێت و دەرفەتی كاریش بۆ گەنجان برەخسێنرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە بەرھەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بەجیا پێشوازی لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، عادل ركابی و وەزیری وەرزش و لاوان، عدنان دیرجال کردووە.
راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژە بەوە داوە کە لە میانی دیدارەکاندا، سەرکۆمار جەختیكردووەتەوە لەسەر گرنگی زامنكردنی پێدانی مووچەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتیی و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و لاوان لە كەرتە جیاجیاكان و ئامادەكردن و سوود وەرگرتن لە توانا و شارەزایی گەنجان.
هەروەها باسی لەوەیش کردووە کە بەرهەم ساڵح ئاماژە كردووە بە پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزش و لاوان و پەرەپێدانی دامەزراوە وەرزشییەكان، بەجۆرێک خزمەت بە گەنجان و خاوەن بەهرەكان بكات، ھاوکات لە ئاست خواستەکانی گەنجان بێت و پەرە بە تواناكانیش بدات لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی گەنجان و لاوان، ھەروەھا راشیگەیاندووە کە هەوڵ بدرێت بۆ لابردنی قەدەغەی تەواو لەسەر یاریگاکانی عێراق.
راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هێمای بۆ ئەوەیش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکاندا، سەرۆك كۆمار جەختی كردووەتەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری كۆمەڵایەتیی و گرنگیدان بە توێژە هەژار و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەجۆرێک کە ببێتە فاكتەرێك بۆ هێنانە دی دادپەروەری كۆمەڵایەتیی.
لای خۆیانە وەزیرانی كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی و وەرزش و لاوان روونكردنەوەی وردیان خستووەتەڕوو لەبارەی هەوڵەکانی هەردوو وەزارەت لە بوارەكانی ئامادەكردن و چاودێریكردنی لاوان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەبێ سەرپەرشتیاران و بەرزكردنەوەی ئاستی ناوەندەكانی راهێنانی پیشەیی و ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی كارەكانیان دەبێتەوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.