Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخاییل بوگدانۆڤ کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی هاوبەشی دیپلۆماتی، سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانهوه بڵاو کراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا، میخاییل بوگدانۆڤ سڵاو و رێزی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بە نێچیرڤان بارزانی گەیاندووه و خۆشحاڵیی خۆی بە دەرفەتی کۆبوونەوەكه دەربڕیوه بۆ ئەوەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا بکەن، هەروەها ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووه و خواستى رووسیای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردووهتەوە، پاشان پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ هەریەک لە تاران، بەغدا و هەولێر خستووهتەڕوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەر لەمیانی دیدارەکەدا، هەردوولا دۆخی عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامەکان و دید و خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق تاوتوێ کردووه و تیشکیان خستووهتە سەر رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر عیراقیش هەیە و جێی بایەخی رووسیان، وەک دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە. هەر لەوبارەیەوە، میخاییل بوگدانۆڤ باسی لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە کردووه.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان داوه و سوپاسی ڤلادیمیر پوتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای بۆ ناردنی سڵاو رێزیان کردووه و پێزانین و سوپاسگوزاریی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە رووسیا کردووه کە لە کاتە سەختەکاندا پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها سڵاو رێزی پێشکەش بە سەرۆکی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووه و ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەدوانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا دووپات کردووهتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە عێراق بەشێک دەبێت لە چارەسەر و بەشێک نابێت لە کێشەکان و چاوەڕێی ئەوەن لایەنە شیعییەکان ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن تا دواتر بە پێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان پرۆسەی دامەزراندنی حکوومەت دەست پێ بکات، جەختیشی لەوە کردووهتەوە کە ئەوەی گرنگە هەموو لایەنێک درک بە هەستیاریی قۆناغەکە بکەن و کار بۆ ئارامی و سەقامگیری بکەن.
دەربارەی دۆخی سووریاش نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردووهتەوە کە "دۆخ و قەیرانی سووریا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەوشی عێراق هەیە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان روون بووە کە پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات و بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی".
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا باسیان لە لیژنەی هاوبەشی عێراقی-رووسی کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە سوودمەند بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکانی بە پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە تەنیا هێز و لایەنێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریی هەمەلایەنە پێویستە و هەردوولا کۆک بوون کە داعش هێشتا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەیە.