Ekip
04 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
بەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی چەمانکێی سەربە قەزای ئامێدی بۆمبێک بە ئوتومبیلێکی هێزێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا، سێ کەس لە هێزەکە برینداربوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە "لە ناحیەی چەمانكێ بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە كە پەكەكە داینابوو دوو ئەفسەر و جێگری ئەفسەرێكی پێشمەرگە برینداربوون".
راشیگەیاندووە "پەكەكە لە دوورەوە تەقە لە ھێزی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام ھێرشی راستەوخۆ نەبووە وەكو ھێرشكردن بۆسەر ھێزی پێشمەرگە".
کاتژمير ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی لەنێوانیاندا روویداوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ، ئەلەند ئەمیر ھەواڵەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "چەکدارانی پەکەکە ھێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە و تا ئێستا لە ئاماری زیان و زەرەرەکانی پێشمەرگە ھیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە".
ئەلەند ئەمیر گوتیشی: "زانیاری تەواو لەبارەی رووداوەکە لەبەردەستدا نییە و لێکۆڵینەوە لێی بەردەوامە".
بەپێی زانیارییەکان رووداوەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ بووە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ھەر لە بارەی پەلامارەکەوە نووسینگەی سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، جەمال ئێمنکی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەدان و وەک وەزارەتی پیشمەرگە ھیچ لەسەر ئەو بابەتە بۆ میدیاکان ناڵێین".