Zana Natık Kerem
02 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە حەوت تیرۆریست لە پارێزگای دیالە، دەستگیرکراون.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی پۆلیسی دیالە لەگەڵ ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی، دژەتیرۆر و ئاسایشی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناحیەکانی بەنی سەعد و ئەبی سەیدا ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، حەوت تیرۆریست کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون، دەستگیرکراون.
ئەمەیش لە کاتێکدایە دوێنێ ھەینی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیاندبوو کە ١١ تیرۆریست لە پارێزگای دیالە دەستگیرکراون.
ئەم پێشھاتەیش دوای زنجیرەیەک پەلامار و تەقینەوە دێت کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجامدراون.
درەنگانی شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر خاڵێکی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک و بەپێی ئاماری فەرمی، سێ پێشمەرگە شەھیدبوون و دووی دیکەیش برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندبوو کە تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردووەتە ژمارەیەک خاڵی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە ناحیەی ریاز و قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، دوو پۆلیسی فیدراڵیی کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.
جگە لەوەش شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر کاروانێکی ھێزەکانی پۆلیس لە قەزای داقوق باشووری پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، یەک پۆلیس کوژراو و پێنجی دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا درەنگانی شەوی رابردوو، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا بە ھێزەکانی سوپای عێراقدا تەقیبووە و بەھۆیەوە، سێ ئەفسەری سوپا و سێ سەرباز کوژران و چوار سەربازی دیکەیش برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممەیش لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، دوو ئەفسەری سوپا کوژران.