وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بڵاوکردەوە.
Arbil
هەولێر -AA
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: “وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات”.
لەمبارەیەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چەند خاڵێکی وەکو وەڵام خستووەتەڕوو بریتیین لە: “ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی، حکوومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە”.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: “میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت، هەروەها بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە کە بەشێکی زۆری ئەم هێرشکارانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەککراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت”.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیووە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتوگۆیەکی بونیادنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێخراوە و هەوڵدراوە ئەجندای نادەستووریی و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئامادەن بۆ ئەوەی هەرچی زووترە، تیمە پسپۆڕییەکان لەسەر ئەم خاڵانەی کە ناکۆکن دانیشتن بکەن و بگەنە ئەنجامێکی خێرا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و هەرێمی کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.
