Bekir Aydoğan
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
هەولێر - AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری هەولێر، لەگەڵ باوکی ئالان کوردی کۆبووەوە، ئەو منداڵەی کە لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە شارۆچکەی بۆدڕوم سەربە پارێزگای موغڵا تەرمەکەی لە کەناری دەریا دۆزرایەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ڤاتیکانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئایینی لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێر، پاپا دیداری لەگەڵ باوکی ئالان کوردی، عەبدوڵڵا کوردی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە پاپا گوێبیستی ئازارەکانی عەبدوڵڵا کوردی بووە کە ئەندامانی خێزانەکەی لە دەستداوە، کوردی-ش سوپاسی پاپای کردووە بۆ ئەو گرنگییەی پێیداوە و وێنەیەکی ئالان کوردی پێشکەش کردووە.
لە دووی ئەیلوولی ٢٠١٥دا لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان کە دەیانویست بپەڕنەوە بۆ بەری یۆنان، پێنج کەس کە ئالان کوردی و دایکیان لەنێویاندابوون گیانیان لەدەستدا.
تەرمی ئالان کوردی لە کەناری دەریا دۆزرایەوە و وێنە گیرا کە لە جیهاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد، ئەوەیش جارێکی دیکە رووی ترسناکی ئەو جەنگەی نیشاندایەوە کە لە سووریا دەگوزەرێت، هەروەها سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ کێشەی پەنابەران راکێشا.