جيهان, عێراق

پاپا فرەنسیس: "هاتووم بۆ ئێرە تاوەکو لە دڵەوە سوپاستان بکەم"

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێشوازیی لە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدیی و كریستیان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردووە کە بەهۆی مەترسی تیرۆرەوە ئاوارە بوون.

Sarmand Hameed  | 07.03.2021 - نوێکردنەوە : 08.03.2021
پاپا فرەنسیس: "هاتووم بۆ ئێرە تاوەکو لە دڵەوە سوپاستان بکەم"

Arbil

هەولێر - AA

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێشوازیی لە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدیی و كریستیان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردووە کە بەهۆی مەترسی تیرۆرەوە ئاوارە بوون.

بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس و له‌نێویشیاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ژمارەیەک لە سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت کە بە جلی کوردییەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس رێوڕەسمێکی ئایینی بەڕێوەبرد.

پاپا لە رێوڕەسمە ئایینییەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا جەختی لە بنەماکانی مەسیحییەت کردووە و باسی لە ئاشتی و پێکەوەژیان کرد.

هه‌روه‌ها گوتی: "دەبێت لە رێگەی کردارەکان هەڵەکان راستبکەنەوە، بەتایبەت لە عێراق زۆرێک لە براکانمان رووبەڕووى توندوتیژى بوونەوە، پێویستە هەمووان دڵێکى پاک و دوور لە ناڕاستییمان هەبێت".

پاپا فرەنسیس باسی لە ئاشتی و پێکەوەژیان کرد و گوتی: "پێویستە هەموومان پشتیوانی ئاشتیی و دۆستایەتی بکەین".

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ئەو کڵێسایانەی کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە زیانیان بەرکەوتووە و خۆڕاگریی کریستیانەکەوە، پاپا فرەنسیس گوتی: "کاری باش لە کڵێساکانی عێراق کراوە، بەشێکی زۆرتان هاوکاریتان پێشکەش کردووە، خۆڕاگریی و بەزەیی بە یەکترتان وایلێکردم ئەم حەجە بۆ عێراق ئەنجامبدەم، هاتووم بۆ ئێرە تاوەکو لە دڵەوە سوپاستان بکەم".

پاپا فرەنسیس سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە جەنگی بەرەنگاربونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدیی و كریستیان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردووە کەبەهۆی مەترسی تیرۆرەوە ئاوارەبوون و رایگه‌یاند: "لە ناخی دڵەوە سوپاسی گەلی كورد دەكەم. ئێستا كاتی گەڕانەوەمە بۆ رۆما، بەڵام عێراق لە دڵمدا دەمێنێتەوە".

پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس له‌ كۆتایی گوتارەکەیدا سێ جار به‌ زمانی عه‌ره‌بی گوتی "ئاشتی".

پاپا فرەنسیس کە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و سەردانی شاری مووسڵ و بەشدارییکردن لە رێوەڕەسمێکی ئایینی مەسیحییەکان لە هەولێر، گەڕایەوە بەغدا و سبەی دووشەممە کۆتایی بەوە سەردانە سێ رۆژییە دەهێنێت کە بۆ عێراق ئەنجامیدا و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın