عێراق

هەولێر.. شەش هەزار پارچە زەوی تاپۆ دەکرێن

- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی دیکەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان بەڕێوەدەبات کە شەش ھەزار پارچە زەوییە لە سنووری باغەمرە شەھاب.

Heman Hussein Yaseen  | 08.09.2020 - نوێکردنەوە : 09.09.2020
هەولێر.. شەش هەزار پارچە زەوی تاپۆ دەکرێن

Arbil

هەولێر- AA

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پرۆسەیەکی دیکەی تاپۆکردنی زەوییە کار‌تەکان بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە داوە "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بە راسپاردەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر پڕۆسەیەکی دیکەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان بەڕێوە دەبات کە شەش ھەزار پارچە زەوی دەبن لە سنووری باغەمرە شەھاب".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو زەوییانەی پێشتر بەشێوەی کارت لە سنووری شارەوانیی ھەولێر دابەش کراون، نزیکەی ١٢٥ ھەزارە و ئێستاش شارەوانیی ھەولێر دەیەوێت بە قۆناغ ئەو زەوییانە تاپۆ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین لێژنەی ھەماھەنگی لەنێوان شارەوانیی ھەولێر و تاپۆی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ پێک ھێنراون، ئامانجیش لەو پرۆسەیە تاپۆکردنی سەرجەم ئەو زەوییە کارتانەیە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بتوانن لە رووی یاساییەوە سوودمەندبن لە تاپۆکردنی ئەو زەوەییە کارتانە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا ھاتووە "لەو ١٢٥ ھەزار پارچە زەوییە کارتانە، تا ئێستا نزیکەی ٦٥ ھەزار پارچەیان تاپۆ کراون، ئێستاش لە رێگەی تاپۆی دووی ھەولێر و شارەوانیی ھەولێر، شەش ھەزار پارچە زەویی دیکەی کارت لە سنووری باغەمرە شەھاب کە دەکەوێتە نزیکەی شارۆچکەی دارەتوو، تاپۆ دەکات".

شارەوانی ھەولێر روونیشی کردووەتەوە کە ئەو لێژنە ھاوبەشەی بۆ تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانی سنووری شارەوانیی ھەولێر پێک ھێندراوە، جگە لەو شەش پارچە ھەزار زەوییەی باغەمرە شەھاب، کار بۆ تاپۆکردنی سەرجەم زەوییە کارتەکانی دیکەی سنووری ھەولێر دەکات، وەک پیرزین، کانی قڕژاڵە، باغەمرە شەھاب، باغەمرە منارە و چەندین شوێنی دیکەی شاری ھەولێر، ھەروەھا نزیکەی ٨٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش لە ھەولێر ھەن، شارەوانیی ھەولێر بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنان سەرجەم ئەو یەکە نیشتەجێبوانەیش لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان تاپۆ دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın