Heman Hussein Yaseen
29 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2020
ھەولێر - AA
کاسبکارانی بازاڕی ئاژەڵان لە شاری هەولێر ماوەیەکی زۆر ئاژەڵەکانیان بۆ ئەم کاتانەی ساڵ ئامادە دەکەن و ھەفتەیەک بەرلە جەژنی قوربان بە دەرفەت دەزانن بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان، بەڵام بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و رێوشوێنەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەنجام نەدانی فەریزەی حەج، سستی بە بازاڕەکەوە دیارە و کاسبکارانی بازاڕەکە گلەیی دەکەن لە زۆری ئاژەڵی هاوردەکراو.
لەمبارەیەوە کاسبکار ئیسماعیل ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بازاڕ خراپە بەهۆی قەیرانی دارایی و هاوردەکردنی ئاژەڵ لە چەندین وڵاتەوە، بەڵام ئاژەڵی سووری بازاڕی هەمووانی تێکداوە بە جۆرێک رۆژانە سەدان ئاژەڵی سووری دەهێندرێتە مەیدانی ئاژەڵان و لە بەرامبەردا لە بازگەکان ئێمە رێگامان پێ نادرێت ئاژەڵەکانمان بگوازینەوە بۆ ئەم گۆڕەپانە".
لە بازاڕی ئاژەڵان، تا ئێستاش مامەڵە بە دیناری سویسڕی دەکرێت و لەبارەی نرخی ئاژەڵی قوربانیی ئیسماعیل ئەحمەد گوتی: "جوانەگا بە ٣٤ و ٣٥ دینارە، شەکی ئێرانی بە چوار بۆ پێنج دینارە، مەڕ بە چوار دینارە و بزنیش بە چوار دینارە".
ئیسماعیل ئەحمەد گوتیشی: "خەڵک تا ئیستا نەهاتووە بۆ قوربانیکردن، بێگومان ساڵانە لەم کاتەدا خەڵک زۆرتر دەهات، ئەمساڵیش هۆکارەکەی بێ مووچەیی و دۆخ و گوزەرانی خەڵکە، بۆ نموونە من لە رۆژی شەممەوە تا ئێستا تەنها سێ ئاژەڵم فرۆشتووە".
فاخیر مستەفا کە کاسبکارێکی دیکەی مەیدانی ئاژەڵانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ناتوانن ئاژەڵەکانیان لە حاجی ئۆمەران بگوازنەوە بۆ هەولێر، بەڵام خەڵکی سووریا ئاژەڵەکانیان لە سووریاوە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەهێننە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و ئەمەیش کاریگەری لەسەر دۆخی کڕین و فرۆشتن و کەسابەتی هاووڵاتییانەوە هەیە.
فاخیر مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆکاری بێ بازاڕی ئێمە ئەوەیە کە ئاژەڵی سووریا راستەوخۆ لە مەرزی سێمێلکاوە دێتە مەیدانی ئاژەڵان، بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە حاجی ئۆمەران ئاژەڵی خۆمان بهێنین، ئەوا لە بازگەکان رێگامان پێ نادرێت، چەندین کەس دەناسم چووە کاوڕ و مەڕی خۆی هێناوەتەوە لە بازگەکان دەیانگرن، بەڵام خەڵکی سووریا دەچێت لە سووریا ئاژەڵ بار دەکات و راستەوخۆ دێتە مەیدانی ئاژەڵان و رۆژ هەیە پێنج تا شەش هەزار و هەندێک رۆژ دە هەزار ئاژەڵیش لە سووریاوە دێتە هەولێر، بەڵام ئێمە ناتوانین لە چۆمان و حاجی ئۆمەرانەوە یەک ئاژەڵ بهێنینە هەولێر، ئەمەیش کاریگەری لەسەر کەسابەتی ئێمە هەیە و حەق وایە ئێمەش هاوشێوەی سوورییەکان رێگامان پێ بدرێت".
لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی ھەولێر، کورد، عەرەب، خەڵکی عێراق و سووریا و شوێنی دیکەش ھەن کە کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە دەکەن و ئەوەی کۆیان دەکاتەوە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانە.
کاسبکارێکی دیکە بەناوی فەرهەنگ ئیسماعیل کە ئاژەڵی گەورەی هێناوەتە مەیدان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جوانەگای ئێستا بۆ قوربانی هەمووی خۆمانەیە و سلێمانی و هەولێر و قەڵادزەیە، تا کێشی کەمتربێت نرخی زیاترە، بۆ نموونە کێشی لە ٣٥٠ کیلۆ بەرەو سەرەوە ئەوا نرخەکەی ٣٥ بۆ ٣٧ دیار دەبێت، لەو کێشە بێتە خوارەوە ئەوا نرخەکەی ٣٨ و ٣٩ دینارە، ئەگەر کێشەکەی لە ٢٥٠ کیلۆ کەمتر بێت ئەوا کیلۆی تا ٤٠ دینار دەبێت".