عێراق

هەولێر.. بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی جەژن

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد: "داواکارین کە خودای گەورە هەقی ئەو جووتیارانە بستێنێت کە ماوەیەکە دەغڵ و دانییان لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە دەسووتيندرێت و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەم بابەتە بەجددی وەربگرێت".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 04.06.2019 - نوێکردنەوە : 06.06.2019
هەولێر.. بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی جەژن

Arbil

هەولێر - AA

لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری ھەولێر وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، کاتژمێر ٥ و ١٥ خولەک نوێژی جەژن کرا و دواتر گوتاری جەژنی رەمەزان خوێندرایەوە و ئیمام و پێشنوێژی مزگەتەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە جەژنی رەمەزان تایبەتمەندی خۆی ھەیە چونکە مانگی رەمەزان پڕە لە خێر و بەرەکەت و گەڕانەوە و لێخۆشبوون.

گوتار خوێن و پێشنوێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد لە دەستپێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر سووتاندنی دەغڵ و دانی جووتیاران لە گوندەکانی پەرکانە و دەوروبەری مەخموور و شوێنەکانی دیکە و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە ئەم بابەتە بە جدی وەربگیرێت و رێگری بکرێت لە سووتاندنی دەغڵ و دانی هاووڵاتییانی کورد لەم سنوورانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.


لە دەستپێکی گوتارەکەیدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتی: "خودای گەورە مۆفەقی کردین کە مانگی رەمەزان بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین و عیبادەت بکەین، کە ئەمە نیعمەتێکی خودای گەورەیە و پێویستی بە سوپاس و ستایش ھەیە، لە خوای گەورە داواکارین کە نوێژ و تاعەتی ھەموومان قبوڵ بکات و ئەوە رەمەزان تەواو بوو، ئەو مانگە پڕ خێر و بەرەکەتە رۆیشت، بەڵام دێتەوە، دیارنیە کە ھاتەوە ئایا ئێمە لەگەڵی دەبین یان نا، بۆیە لەخوای گەورە داواکارین دوعا و نزاکانمان قبوڵ بکات و لە گوناھەکانمان خۆش بێت، هەروەها داواکارین کە خودای گەورە هەقی ئەو جووتیارانە بستێنێت کە ماوەیەکە دەغڵ و دانییان لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە دەسووتيندرێت و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەم بابەتە بەجددی وەربگرێت".

ئەو گوتارخوێنەی مزگەوتی جەلیل خەیات، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە دەستپێکی ھەڵاتنی خۆر بکەینە رۆژێکی پڕ لە خۆشی و بە گیانێکی لێبوردیییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین و گوتی: "ئەم بەیانییە لەگەڵ ھەڵاتنی خۆر با لێوەکانمان بە خەدندە و پێکەنین بێت بەرامبەر بە یەکتر و دڵمان پاک بێتەوە، بۆیە با گەردن ئازادی و لێبوردەیی لەیەکتر بکەینە دروشمی جەژن و ھاموشۆی یەکتر بکەین و نەخۆشەکان بەسەر بکەینەوە و سەردانی ماڵی ئەوانە بکەین کە باوکیان لە سەنگەرەکانی بەرگرییە و ئەوانەی بەبێ باوک جەژن دەکەنەوە".

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد تیشکی خستە سەر کێشە و ناکۆکییەکانی ھەرێمی کوردستان و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە ھەرچی زووە کۆتایی بە ململانێی و ناکۆییەکان بێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە ھاووڵاتییان زۆر ئارامییان گرت و پێویستە رەچاوی ھەڵوێستی ھاووڵاتییان بکرێت و لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەم کە بەسە ئیتر ناکۆکی نێوان خۆتان چارەسەر بکەن و میللەت زۆر چاوەڕوانی کرد و چەند ساڵە لەو قەیران و بێ مووچەیی و برسییەتییە چاوەڕوانی ئێوە دەکات و لەمەودوا ئەگەر نەگەڕێنەوە و ناکۆکییەکانی خۆتان چارەسەر نەکەن و ھەندێک لە داواکارییەکانی خۆتان لە یەکتر کەم نەکەنەوە، ئەوا ناچار دەبن بەرامبەر بێگانە داواکارییەکانتان کەم بکەنەوە، بۆیە داواکارین بە زووترین کات قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداری چارەسەر بکرێت".

جێی ئاماژەیە ئەو رێوڕەسمە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەڕێوەچوو کە تێێدا دوای تەواوبوونی گوتارەکەی جەژن، موسڵمانان لەناو ھۆڵی مزگەوت جەژنە پیرۆزەیان لەگەڵ یەکتر کرد و لەناویشیاندا کۆمەڵێک ھاووڵاتییان لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بەشداری رێورەسمەکە بوون و ھەر لەو رێورەسمەدا ژنانیش لە ھۆڵێکی جیاوازەوە بەشداری ئەو بۆنەیان کرد

مزگەوتی جەلیل خەیات دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ھەولێر کە ماوەی دروستکردنەکەی ١٠ ساڵی خایاند و منارە و زەغرەفەی ئیسلامی ھەیە، ئەمەش جوانییەکی بە مزگەوتەکە داوە و سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت و لە رۆژانی ھەینیدا زۆرترین خەڵک رووی تێدەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın