Fakhradin Ibrahim Mohammad
01 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان، بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە رێکارەکانی خۆپارێزی توندتوڵتر بکرێن.
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چەند بڕیارێکی دەرکرد.
لێژنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا کە بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبووە، بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی لە هەریەکە لە قوتابخانەکانی حکوومی ـ ناحکوومی تا رۆژی 1ی کانوونی یەکەم.
بە پێی راگەیەندراوێکی لێژنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی، وەزیری پەروەردە ئالان حمە سعید و وەزیری خوێندینی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئارام محمد قادر راپۆرتی خۆیان دەربارەی هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستووتەڕوو.
بەو پێیە، لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکردووە:
1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.
2. قۆناغی 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.
3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن.
4.سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت، وسەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
5. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێوست نیە و ژمارەی قوتابی وخۆیندکارانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
6. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
7. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.
8. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.
9. لە زانكۆ وپەیمانگەکان بۆ بەشە زانستییەکان وکۆمەڵەی پزیشکی، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) تا رۆژی (2020/12/1) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
10. لە زانكۆ وپەیمانگاکان بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی ئاوێتە ڕێژەی هەرەزۆری بە ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو بەشە زانستییانەی كه پێویستیان بە تاقیگە هەیە، تا رۆژی (2020/12/1) خوێندنیان لە نێو كامپەس دەبێت.
11. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان وپەرستگاکان -مزگەوت وکلێساکان- وپابەندکردنیان بە جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
12. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).
لە کۆتاییدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاندووە کە ئەم بڕیارانە تا رۆژی 1ی کانوونی یەکەم کاری پێدەکرێت.