Hawkar Yaseen
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
هەولێر AA
بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، مەراسیمەکانی یادکردنەوەی سەری ساڵی کۆچی وەستاند و ئەمساڵ هیچ مەراسیمێک بەڕێوەنەچوو.
ساڵانە لە وڵاتانی موسڵمان لە جیهاندا، بۆنە و ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بەو یادە رێکدەخرێت لە هەرێمی کوردستانیش بە گرنگییەوە یادی ئەو رۆژە دەکرایەوە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمساڵ یادەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی موسڵمان بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەستاند و هیچ چالاکی و مەراسیمێک تایبەت بەو رۆژە بەڕیوەنەچوو.
بەپێی خشتەی پشووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە رۆژی یەکی موحەڕەم لە هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پشووی فەرمییە، بۆ ئەمساڵیش وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٠ی ئاب لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەت پشوو دەبێت.
سهری ساڵی كۆچی هاوکاتە لەگەڵ رۆژی كۆچكردنی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) له مهکكهوه بۆ مهدینه، بەپێی ساڵنامەی کۆچی ئەمڕۆ یەکی موحەڕەمی ساڵی ١٤٤٢ی کۆچییە و یەکەمین رۆژی دەستپێکی ساڵێ نوێیە.
سەرەتای دانانی ئەم ساڵنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دووەمین خەلیفەی موسڵمانان عومەری كوری خەتاب (ر.خ)، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەوکات ئەو بڕیاری لەوەداوە کە دەبێت ساڵنامەیەکی تایبەت بە مێژووی ئیسلام دابنرێت.
خەلیفە عومەر مێژووی كۆچكردنی پێغەمبەری ئیسلام و هاوەڵەكانی لە شاری مەككەوە بۆ شاری مەدینە بەسەرەتای ئەم ساڵنامەیە دیاری كرد.
ساڵی کۆچی ١٢ مانگە کە بە موحەڕەم دەست پێ دەکات، ناوی مانگەکانیش ئەمانەن:
(موحەڕەم، سەفەر، رەبیعی یەكەم، رەبیعی دووەم، جیمادی یەكەم، جیمادی ئاخر، رەجەب، شەعبان، رەمەزان، شەووال، زولقەعیدە، زولحیەجە)
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، پێش هاتنی ئایینی ئیسلام، ئەو مانگانەی كە ئێستا وەكو مانگەكانی ساڵی كۆچی ناویان دەبرێت، لەلایەن دانیشتوانی نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بەكارهاتوون، بەڵام هیچ ژمارەیەکی تایبەت بە ساڵەکانیان نەبووە و بەڵکو رووداوێکی دیاری هەر ساڵێکیان دیاریکردووە و لە گێڕانەوە مێژووییەکایاندا ساڵەکانیان بەو رووداوە ناوزەند کردووە کە روویداوە، دیارترین ناوی ئەو ساڵانەش کە لە زۆر سەرچاوەی مێژووییدا ئاماژەی پێدراوە، ساڵی فیل بووە.
ساڵنامەی کۆچی خاوەنی تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیەتی، هەر مانگێکی بە بەگوێرەی پێوانەی سوڕانەوەی مانگ لەماوەی ٢٩ رۆژدا بە چواردەوری زەویدا دانراوە، ساڵنامەکە لە ١٢ مانگ یان ٣٥٤- ٣٥٥ رۆژ پێكهاتووە.
ساڵنامەکە رۆژمێرێكی كارگێڕی و ئاینییە و تایبەتە بە بۆنە و مەراسیمە ئاینییەكانی ئەو نەتەوە و وڵاتانەی کە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی بەكاری دەهێنن.