Hemın Othman Mohammed
19 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
پڕفرۆش‌ترین رۆژنامه‌ی ویلایه‌تی لویزیانای ئه‌مریكا كه لافاو زیانێكی زۆری پێگه‌یاندووه، داوای له سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما كرد به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته‌وه پشووه‌كه‌ی له نیوه‌دا جێبهێڵێت.
هاووڵاتیانی ئه‌مریكا كه به هاوین و زستان رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی زۆری سرووشتیی ده‌بنه‌وه، به‌هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه و دروستبوونی لافاوه‌وه له رۆژانی رابردوودا رۆژانێكی سه‌خت به‌ڕێده‌كه‌ن.
به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌کانی گه‌رمیی و وشكه‌ساڵیه‌وه له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئاگركه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 200 خانوو سووتان، 82 هه‌زار كه‌سیش ده‌ربه‌ده‌ربوون. له‌پاڵ ئه‌مه‌دا به‌هۆی لافاو زیانێكی زۆری به ویلایه‌تی لویزیانا گه‌یاندووه.
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌که‌وه له لویزیانا گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتووه‌ته 13 كه‌س، 40 هه‌زار خانووش زیانی به‌ركه‌وتووه.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئۆباما، سه‌رقاڵی به‌سه‌ر بردنی پشووهكهیهتی و ئه‌و شوێنانه‌ی ویلایه‌تی لویزیانای به‌سه‌رنه‌كردووه‌ته‌وه كه لافاو زیانێكی زۆری پێگه‌یاندوون، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ویلایه‌ته‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی حاكمی لویزیانا جۆن بێل ئێدوارد، باری له‌ناكاوی راگه‌یاند، داوای هاوكاریی له رێكخراوی فیدراڵی به‌ڕێوه‌بردنی باری له‌ناكاو كرد، پڕفرۆشتین رۆژنامه‌ی ویلایه‌ته‌كه، بانگه‌وازێكی ئاڕاسته‌ی ئۆباما كرد بۆ ئه‌وه‌ی پشووه‌كه‌ی كه هه‌موو ساڵێك له دوورگه‌ی مارساس ڤینیاردی سه‌ربه ویلایه‌تی ماساشوتس به‌سه‌ر ده‌بات، کۆتایی پێبهێنێت و له‌نیوه‌دا جێیبهێڵێت.
رۆژنامه‌ی (The Advocate) له داواکرییهکهدا که ئاڕاسته‌ی ئۆبامای كردووه، رایگه‌یاندووه: "پشووت هه‌یه یان نا، سه‌رۆك ئۆباما هاووڵاتییه‌كی لویزیانا كه ئێستا ناخی ده‌سووتێت پێویستی پێته".
رۆژنامه‌كه ده‌شڵێت "له كاتێكدا لافاو لویزیانا وێران ده‌كات، كاتی ئه‌وه‌یه سه‌رۆك باراك ئۆباما سه‌ردانی ئه‌و ویلایه‌ته بكات كه پڕ ئازارترین ویلایه‌ته".