Abdullah Shukur
11 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2018
دیاربەکر - AA
کاندیدی جەهەپە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، موحەرەم ئینجە گوتی: "کوردەکان دەیانەوێ شکۆیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، تورکەکانیش نیگەرانیان ھەیە. نیگەرانی تورکەکانیش دەڕوێنینەوە، شکۆ بۆ کوردەکان دەگەڕێنینەوە".
ئینجە لە گۆڕەپانی ئیستانسیۆنی شاری دیاربەکر وتارێکی پێشکەش بە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری کرد.
ئینجە خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ دیاربەکر دەربڕی و گوتی: "من ئەمڕۆ نەھاتووم بۆ ئەوەی ئێوە ھەڵبخەڵەتێنم و فریوتان بدەم. من ئەمڕۆ ھاتووم بۆ ئەوەی شەربەتی رەمەزان بخۆمەوە".
"نیگەرانی کوردەکان دەڕوێنینەوە"
ئینجە لە درێژەی گوتەکانیدا گوتیشی: "کوردەکان دەیانەوێ شکۆیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، تورکەکانیش نیگەرانیان ھەیە. نیگەرانی تورکەکانیش دەڕوێنینەوە، شکۆ بۆ کوردەان دەگەڕێنینەوە. پاشان راستگۆ دەبین و کۆبوونەوە و گفتوگۆی شاراوە ئەنجام نادەین، شوێنی چارەسەرکردن تەنھا پەرلەمانی تورکیایە، شوێنێکی دیکە نییە. دواتر ئەگەر ببم بە سەرکۆمار، یەکێک لە کەناڵەکانی تەرەتە بۆ ئەو پرسە تەرخان دەکەم و کە تێدا پرۆگرامی گفتوگۆکردن پێشکەش بکرێ. تەرەتە خۆی لە خۆیدا ھیچ سوودێکی نەبووە، ھەرنا ئێستا بە کەڵک شتێک بێت. دەبێ پەخشی ٢٤ کاتژمێری تێدا بکرێ و ھەموو کەسێک بێتە ئەو پرۆگرامە و داواکارییەکانی خۆی بڵێ. گفتوگۆ لەسەر پرسی زمان بکرێ. من دەنگم ناوێ من دەمەوێ کێشەکە چارەسەر بکەم. ئەو خەمی بەدەستھێنانی دەنگەکانی ھەیە من خەمی من ئاشتی و ئاسوودەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانە".
ھەر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکی دیاربەکر، وێنەی کاندیدی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئاڵای ھەدەپە ھەڵگیرا و ھوتاف وترایەوە.
ھاوکات ئولکو ئینجە ھاوسەری موحەرەم ئینجە سەردانی بەشاک دەمیرتاش ھاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد و کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا موحەرەم ئینجە خۆی ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
ئولکو ئینجە لە کاتی ھاتنەدەرەوەی لە ماڵی بەشاک دەمیرتاش بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە موحەەرم ئینجە بەمەبەستی گەیشتن بە پرۆگرامێکی شاری ئەنقەرە نەیتوانیوە سەردانەکە ئەنجام بدات.