Hawkar Yaseen
23 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
هەرێمی کوردستان هێشتا بەشێوەیەکی سەربەخۆ هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا و چاوەڕوانی ئەو بڕەیە کە حکوومەتی عێراق وەک پشک لەو ڤاکسینەی کڕیویەتی بە هەرێمی کوردستانی دەدات.
حکوومەتی عێراق بە گرێبەستێکی فەرمی بە بەهای هەشت ملیۆن دۆلار ڤاکسینی لە کۆمپانیای ڤایزەر کڕیوە و بە چەند قۆناغێک ڤاکسینەکە دەگاتە بەغدا، لەو بڕەش کە دێت بەشێکی پشکی هەرێمی کوردستانە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق گرێبەستێکی فەرمی هەیە و لە قۆناغی یەکەمدا، یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار جورعەی ڤاکسینەکە دێت، واتە بۆ ٧٥٠ هەزار کەس بەکاردێت، چونکە هەر کەسێک دوو جورعەی لێدەدرێت، قۆناغی یەکەمیش بەم زووانە ناگات، چونکە بەوەی بەرپرسانی تەندروستیی عێراق ئاماژەی پێدەدەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی نوێدا دەگات کە رەنگە مانگی دوو یان سێ بگات".
ئاسۆ حەوێزی گوتیشی: "ئەو کاتەی کە ڤاکسینەکە گەیشت پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە، ڤاکسینەکە بە چەند قۆناغێک دێت لە قۆناغی یەکەمەوە پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە و قۆناغەکانی دیکەش بە هەمان شێوە دەبێت، ئەگەر هەر بۆشاییەکیش هەبێت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەووردی چاودێری ئەو بابەتە دەکات بەتایبەت ڤاکسین کە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و درێغی ناکات لە دابینکردنی هەر بڕیک کە پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان ئەگەر بۆشاییەک دروست بێت لە رێژەی ڤاکسینەکە لە هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "ئێمە چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو ڤاکسینەین کە عێراق کڕیویەتی، هەر وڵاتێک کە گرێبەست دەکات کاتێکی دیاریکراوی بۆ دادەنرێت بۆ گەیشتنی ڤاکسینەکە پێیان، چونکە پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، سەرەتا دیاریکردنی بڕەکەی دواتر کاریگەرییەکەی، دواتر گواستنەوەی ڤاکسینەکە و دواتریش شوێنی دابەشکردنی ڤاکسینەکە، ئەوانە چەند پرۆسەیەکن قورسە و کاتی دەوێت".
ئاسۆ حەوێزی دەربارەی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خۆی راستەوخۆ مامەڵەی کڕینی ڤاکسین بکات گوتی: "ئەو کاتەی ئەگەر لە دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان کەم هەبوو یان بۆشاییەک دروستبوو یان کێشەیەک هەبوو، ئەوکاتە باسی لێوەدەکەین، خۆی دەکەوێتە سەرئەوەی کام ڤاکسینە پشتگیری دەکرێت لەلایەن رێکخراوی تەندروستییی جیهانی و بڕوایان پێیەتی، ئەوکات ئەگەر گرفت یان کێشەیەک هەبوو بەدڵنیایی دەتوانین پڕی بکەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی شێوازی پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و خشتە و بەرنامەی وەزارەتەکەیان رایگەیاند "ئەوانەی ڤاکسین وەردەگرن بە گرووپە، گرووپی ترسناکەکان سەرەتا ڤاکسین وەردەگرن کە بریتین لە ستافی تەندروستی ئەوانەی کە مامەڵە و بەرکەوتنی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ تووشبووانی کۆرۆنا، دوای ئەوە ستافی ئەمنی و ئاسایش کە ئەوانەش گرووپێکن دوای ئەوانیش ئەوانە وەریدەگرن کە بەساڵاچوون و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و دواتریش هەموو ئەوانی دیکە ڤاکسینەکە وەردەگرن".
ئاسۆ حەوێزی لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان بە خەمڵاندنی وەزارەتی تەندروستی چەند ڤاکسینی پێویستە کە پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە گوتی: "جارێ زووە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام دڵنیاییت دەدەمێ کە بۆشایی و کێشە دروست نابێت لە دابینکردنی ڤاکسین".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی جۆرە نوێکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزی و رێگری لە گەیشتنی ڤایرۆسەکە بە هەرێمی کوردستان گوتی: "ئامادەکاریەکان بەردەوامن چۆن هەرێمی کوردستان دەستپێشخەربوو لە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی لەچاو زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهەمان شێوەش لە جێبەجێکردن و گرتنەبەری رێکارەکانی تەندروستی دەستپێشخەردەبێت بۆ پێشگرتن لەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا".
ئاسۆ حەوێزی گوتیشی: "ئێستا ئامادەکارییەکان دەستی پێکراوە، ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەریتانیاوە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانیش لیژنەی تەندروستی پێکهێندراوە و چاودێری دۆخەکە دەکەن، هەر حاڵەتێکی گوماناوی هەبێت جیادەکرێتەوە و پشکنینی بۆ دەکرێت بۆئەوەی ئەگەر بزانین تووشی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا بووە جیای بکەینەوە و خەڵکی دیکە تووش نەکات".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی لە وەڵامی ئەوەی تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گوماناوی تۆمارکراوە گوتی: "تا ئێستا هیچ حاڵەتێک نەبووە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، ئەگەر هەر حاڵەتێک هەبێت بۆئەوەی رێی لێبگرین کە بڵاونەبێتەوە بەهەموو شێوازێک هەر رێکارێکی تەندروستی ببێتە هۆی ئەوەی گیانی هاووڵاتییان بپارێزێت دەیگرینەبەر و درێغی ناکەین".
ئاسۆ حەوێزی دەربارەی ئاستی مەترسی ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا رایگەیاند "راستە زانایان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەم ڤایرۆسە شتێکی نوێیە، بەڵام هێشتا بەڵگەی زانستی لەسەر ئەوە نییە کە ئەمە ترسناکترە لەو ڤایرۆسی کۆرۆنایەی کە هەیە، تەنها بەڵگەی زانستی لەسەری کە هەیە ئەوەیە کە خێراتر هێرش دەکاتە سەر خانەکانی لەش و خێراتریش بڵاودەبێتەوە".