Sarmand Hameed
05 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
هێزەکانی سەربە دەزگای هەواڵگریی و ئاسایش لە پارێزگای کەرکووک تیرۆریستێک و دوو داواکراویان بە ماددی ٤٠٣ دەستگیرکرد.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە چوارچێوەی کارە مەیدانییەکان، تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەوجی کۆماندۆ سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک تیرۆریستێکیان لە قەزای حەویجە دەستگیرکردووه کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک دوو داواکراویان دەستگیرکردووە کە بەپێی ماددەی ٤٠٣ لە یاسای سزادان داواکراوبوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە رێکاری پێویست لەبارەی دەستگیرکراوەکانەوە گیراوەتەبەر.