Sarmand Hameed
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری رایگەیاند، بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەلایەن میلیشیا دەرچووەکان لە یاسا، هەڕەشەی جددین.
هۆشیار زێباری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نووسیوویەتی: "هێرشی مووشەکیی شەوی رابردوو بۆسەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەلایەن میلیشا چەکدارییە دەرچووەکان لە یاسا، هەڕەشەی جددییە".
هۆشیار زێباری هۆشداریی داوە لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر و نووسیوویەتی: "لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا کوژران، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی خراپتر هەیە".
وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری راشیگەیاندووە "پێویستە حکوومەتی عێراق خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکات".
شەوی رابردوو، هێرشی مووشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و بەهۆیەوە منداڵیک کوژرا و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکە برینداربوون.
ئەو هێرشە دوای ئەوە هات کە ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو هیچ هێرشێکی هاوشێوە لە بەغدا ئەنجام نەدرابوو.
لەوەتەی مانگی تەمووزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار ھێرشی ھاوشێوە کراوەتە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لەنێویاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.