عێراق

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی فرسەت سۆفی کرا

لە رێورەسمەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رۆڵی پارێزگاری کۆچکردووی ھەولێر، فەرسەت سۆفی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەکرد کە ھێشتا کار و پڕۆژەی زۆری مابوو، بەڵام بەداخەوە بەجێیھێشتین.

Heman Hussein Yaseen  | 19.11.2020 - نوێکردنەوە : 19.11.2020
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی فرسەت سۆفی کرا

Arbil

هه‌ولێر-AA

ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، عێراق قاسم ئەعرەجی و کۆنسولی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.

لە رێورەسمەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رۆڵی پارێزگاری کۆچکردووی ھەولێر، فەرسەت سۆفی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەکرد کە ھێشتا کار و پڕۆژەی زۆری مابوو، بەڵام بەداخەوە بەجێیھێشتین.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''دکتۆر فرسەت کەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە کار و بەرھەم بوو، بە چیرۆکی سەرکەوتوویی ژیانی، وێنەیەکی جوانی لای ھەموومان بەجێھێشت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''‌فەرسەت سۆفی چەند مەبەستی شار بوو، ھێندە و زیاتریش مەبەستی بوو پرۆژە بۆ گوند و ناحیەکانیش بکرێن، ھەمیشە خەمی ئەوەی بوو و بەردەوام بەمنی دەگوت، لەبەر دۆخی دارایی و کەمی داھات، ناتوانین وەکو پێویست خزمەت بکەین".

دواتر گوتاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد خوێندرایەوە.

رێبەر ئەحمەد گوتی: "بەداخ و خەمێکی قوڵەوە ئەمڕۆ بۆ ماڵئاواییکردن لە ھەڤاڵ و دۆست و کەسایەتیێکی لێھاتوو کۆبووینەتەوە، ئەو کەسێکی دەستپاک، رابردوو پاک، دڵسۆزی خەڵک و نیشتمانپەروەر بوو. دکتۆر فەرسەت سۆفی کەسێکی خاکی بوو، ھەر ئەرکێکی پێسپێردرا بە دڵسۆزی و جددیەتەوە بەجێی دەگەیاند، بۆیە ئەمڕۆ تێکڕای خەڵکی کوردستان بۆ کۆچکردنی خەمبارن، ئەمەش سەرمایەکی گەورەی مەعنەوی زۆر گرنگە و بەڵگەی دڵسۆزی فەرسەت سۆفی بووە لەسەر خزمەتکردنی خەڵکی ھەولێر و کوردستان بە گشتی".

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''لە پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فرسەت سۆفی یەکێک بوو لە داکۆکیکارەکانی ئەنجامدانی چاکسازی و گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە لەدەستدانی دکتۆر فرسەت زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات".

لە رێورەسمەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی تاجەگوڵینەی سەرۆکایەتی ھەرێمی لەسەر تەرمی پارێزگاری کۆچکردووی ھەولێر، فەرسەت سۆفی دانا و دواتریش تاجەگوڵینەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر تەرمی فەرسەت سۆفی دانا، دوای ئەوەیش ھەریەک لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و کۆنسول و نوێنەری وڵاتان، تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمی فەرسەت سۆفی دانا و دواتریش لە رێورەسمێکدا بەرەو ماڵەکەی خۆی بردیان.

لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری و ھاووڵاتییان، نوێژی مردوو لەسەر تەرمی پارێزگاری کۆچکردووی ھەولێر، فەرسەت سۆفی کرا و دواتر بەرەو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەڕێکرا و کەمێکی دیکە لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.

لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا، زاھیر سۆفی برای پارێزگاری کۆچکردووی ھەولێر، فەرست سۆفی ئاماژەی بەوەکرد کە فەرسەت سۆفی خاوەن ھیچ پارچە زەوییەک و ئۆتۆمبێلێکی خۆی نەبوو، لەسەر خانووەکەی قەرزارە و بە قەرزاریش کۆچی دوایی کرد.

بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، ٤١ـەمین پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی بەھۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

فەرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەھۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە رۆژی سێی تشرینی دووەم بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی دەرەوە کرابوو.

پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٨ی گوندی گەزنە سەربە قەزای چۆمان بوو و دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتییدا ھەبوو، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە و لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە پارێزگاری ھەولێر ھەڵبژێردرا و ماوەی ٤٢٩ رۆژ پارێزگاری ھەولێر بوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın