عێراق

هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی بنكەی ئاسمانی كەركووك چۆڵ دەکات

- هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند كە بنكەی ئاسمانی كەركووك-ی رادەستی هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.

29.03.2020 - نوێکردنەوە : 30.03.2020
هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی بنكەی ئاسمانی كەركووك چۆڵ دەکات

Iraq

كەركووك ــ AA

هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند كە لە رێوڕەسمێكدا بنكەی ئاسمانی كەركووك-ی رادەستی هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.

هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە "لە ئەنجامی ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی عێراق لە شەڕی دژبە داعش بەدەستیان هێناوە، هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش جێگیركردنی هێزەكانی لە عێراق رێكدەخاتەوە كە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ حكوومەتی عێراق پلان بۆ ئەوە داندراوە، پڕۆسەی رادەستكردنی بنكەكان كە پێشتر پلانی بۆ داندراوە، هیچ پەیوەندی بە هێرشەكانی ئەم دواییانە بۆسەر ئەو بنكانەی كە هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعشی تیایدا جێگیركراون یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوە، نییە".

بەپێی راگەیەندراوەكە بەڕێوەبەری كاروباری گەشەپێدان سەربە هێزی ئەركە هاوبەشەكان لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، جەنەرال ڤینسێت باركر رایگەیاندووە "ئەمڕۆ رۆژێكی شانازییە بۆ هاوبەشەكانمان لە هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و بنكەی ئاسمانی كەركووك، پێگەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە لە شەڕی دژبە داعش ئەمڕۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بنكەی ئاسمانییەكە رادەستی هێزە عێراقییەكان كرایەوە".

جەنەرال ڤینسێت باركر راشیگەیاندووە كە هۆكاری رادەستكردنی بنكەکە بۆ ئەو سەركەوتنانە دەگەڕێتەوە كە هێزەكانی عێراق لە شەڕی دژبە داعش بەدەستیان هێناوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە تا 2020 هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، سەرباز و كەلوپەكانیان بۆ چەند بنكەیەكی دیكە لە عێراق دەگوزاێتەوە، هەروەها هێزە عێراقییەكانیش سەربەخۆیانە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆن دژبە داعش و بەرگریگردن لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكەیان.

راشگەیەندراوە "كە لەئێستادا لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی كاتی مەشق و راهێنانەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی لە عێراق راگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیكردنی هاوبەشەكانمان لە شەڕی دژبە داعش".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئەوە هاتووە "هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لەمیانی چەند رۆژی داهاتوودا، دوای گواستنەوەی كەلوپەكان بۆ هێزە عێراقییەكان، بنكەی ئاسمانی كەركووك جێ دەهێڵێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın