Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا - AA
سیاسەتمەداری سەربەخۆ و وەزیری پێشووتری گەیاندنی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دوو کەسایەتی دیکە لە لایەن هاوپەیمانی بینا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کاندید کراوە.
عەللاوی لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ هەریەک لە فەریق روکنی خانەنشین، عەبدولغەنی ئەسەدی و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، تۆفیق یاسری لە لایەن هاوپەیمانی بینا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کاندید کراون.
عەللاوی ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە کاندیدکردنی ئەو کەسایەتییانە وڵات نزیک دەبێتەوە لە دەربازبوون لەو قەیرانەی کە رووبەڕووی بووەتەوە.
هاوپەیمانی بینا كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێت و ژمارەیەك لایەنی شیعە نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت لەسەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیكی رایدەگەیەنێت كە گەورەترین فراكسیۆنە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، چونكە خاوەن ١٥٠ كورسییە، بۆیە مافی پێشکەشکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقی هەیە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی کە ئامۆزای سەرکردەی هاوپەیمانی وەتەنییە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ئەیاد عەللاوییە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە کاندیدکردنی ئەو سێ کەسایەتییە سەربەخۆیە لە لایەن هاوپەیمانی بینا وەک وەڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەران بووە کە داوا دەکەن کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیی نەبێت.
عەللاوی هیوای خواستووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاووڵاتییان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران بگەنە دیارییکردنی یەکێک لەو سێ کەسایەتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.
ناوبراو جەختی لەوەشکردووە کە ئەو ئامادە نییە ئەو پۆستە وەربگریت ئەگەر رەزامەندی خۆپیشاندەرانی لەسەر نەبێت و راشیگەیاند کە ئامانجی خزمەتکردنی وڵاتە لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت.
جێی ئاماژەیە، محەمەد تۆفیق عەللاوی ماوەی دوو ساڵ لە خولی دووەمی حکوومەتەکەی نوری مالکی(٢٠١٠-٢٠١٤) وەزیری گەیاندن بوو، لە ساڵی ٢٠١٢دا بەهۆی ناڕازیی لە دەستوەردانی سیاسیی لە لایەن مالکییەوە کە ئاستەنگی لەبەردەم کاروبارەکانی وەزارەتەکەی دروست کرد، دەستی لەکارکێشایەوە.
تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لە لایەن هاوپەیمانی بینا لەبارەی بەیاننامەکەی عەللاوی بڵاونەکراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرکۆمار عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح داوای لێبوردنی کرد لە راسپاردنی کاندیدی هاوپەیمانی بینا، ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ دەست لەکار کێشانەوە خستە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئەسعەد عیدانی سێیەم کاندیدبوو کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە راسپاردنی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق رەت دەکرێتەوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران راسپاردنی هەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شەیاع سوودانی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی کاربەڕێکەر، قوسەی سوهەیل -یان بۆ پۆستی سەرۆکوەریزان رەت کردەوە.
بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.
لە رۆژی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی-یهوه، بهپێی دهستوور پێویستبوو سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ رۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو رابسپێرێت کە جگە لە رۆژانی پشوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەو وادە دەستوورییە کۆتاییهات.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٤٩٨ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كهسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.