Heman Husseın Yaseen
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە ٢٨/١٢/٢٠١٩، کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد و تیایدا پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر درا و دواتر ئەمینداری گشتی و پاشان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای چاودێری و بەدواداچوون ھەڵبژێردران، ئەمڕۆش یەکشەممە دووەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنگرەش، بەلاغی کۆتای کۆنگرەی ھەشتەم راگەیەندرا.
لە بەلاغی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە "رۆژانی ٢٨ و ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠١٩ لەژێر دروشمی (داھێنان و پێشەنگی) یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی هەشتەمی لە شاری ھەولێر گرێدا، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٩٠٠ ئەندامی کۆنگرە کە ٢٠٠ ئەندامیان لە خوشکان بوون و نوێنەرایەتی سەرجەم ئۆرگان و رێکخستەکانی حزبیان دەکرد لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا بە پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".
لە بەلاغەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دوای دەستپێکردنی کۆنگرە، راپۆڕتی حزب سەبارەت بە خولی رابردوو لەلایەن سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین پێشکەشکرا و دواتر رەشنووس و پەیڕەوی ناوخۆی ئامادەکراو بۆ خولی نوێ پەسەند کرا.
لە بەشێکی دیکەی بەلاغەکەدا هاتووە "لە تەوەرێکی دیکەدا بەرپرسی مەڵبەندەکانی یەکگرتوو کە ژمارەیان (١٦) کاندید بوو لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە و کادیرانی پێشکەوتووی سنووری خۆیانەوە پاڵێوراو بوون بۆ ئەوەی لە خولی داھاتوودا وەک بەرپرسی مەڵبەندەکانی خۆیان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بن، بە یەک لیست خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی رەھای ئەندامانی کۆنگرە متمانەیان پێدرا".
لە بەلاغەکەدا ئەوەیشخراوەتەڕوو کە لە بڕگەیەکی دیکەدا تایبەت بوو بە هەڵبژاردن بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی و ئەندامانی دەستەی باڵای چاودێری و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ھەرسێ پرۆسەی دەنگدانەکە پێکەوە ئەنجامدران و، سەرەتا دەنگەکانی پەیوەست بە کاندیدانی پۆستی ئەمینداری گشتی کە دوو کاندید بوون جیاکرانەوە و سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین بە زۆرینەی رەھا جارێکیتر متمانەی کۆنگرەی بەدەستھێنایەوە وەک ئەمینداری گشتی بۆ خولی داھاتوو.
ئاماژە بەوەکراوە کە ئەندامانی دەستەی باڵای چاودێریی متمانەیان بەدەستھێنا کە ژمارەیان پێنج ئەندامە لەگەڵ دوو ئەندامی یەدەگ، هەروەها ٢٧ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جگە لە بەرپرسی مەڵبەندەکان متمانەی کۆنگرەیان بەدەست ھێنا.
لە کۆتاییشدا هێڵە گشتییەکانی ستراتیجی پەسەندکران کە بریتیی بوون لە؛ گەشەدان بە بواری پەروەردە و پێگەیاندنی تاکی پەیامدار و ھاووڵاتی چاکەکار و بە گەڕخستنی پرۆژەی مرۆڤسازی، گەشەپێدانی کاری ئیسلامی میانڕەو و کاراکردنی بواری بانگەواز و چاکسازی کۆمەڵایەتی، بەرھەمھێنانی بزاڤێکی ھزر و رۆشنبیری نوێ لەبەر رۆشنایی مەبەستەکانی (وەحی) و خواستەکانی سەردەم و رێگرتن لە پەرگیری و توندەڕەوی و تیرۆر، پەرەپێدانی کاری پرۆژەی کاری ھاوبەش و پارێزگاریکردن لە گیانی برایەتی و یەکڕیزی نێوان ئیسلامییەکانی کوردستان، بەرجەستەکردنی بەھا باڵاکان و قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ھێنانە کایەی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو، ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و گشتگیر و بەجەستەکردنی پایەکانی حوکمی رەشید، گەشەدان بە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و جێگیرکردنی پایەکانی دیموکراتیەت لەناو کۆمەڵگە و سیستەمی حکومڕانیدا.