Heman Husseın Yaseen
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنگرەی ھەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆتایی ھات و گوتەبێژی کۆنگرەی ھەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەھزاد دەروێش زێباری ناوەڕۆکی کۆنگرەی ھەشتەم ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە حزبەکەی ھەشت خاڵی وەکو ستراتیج و بنەما پەسەند کردووە.
بەھزاد دەروێش زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بەبۆنەی کۆتاییھاتنی کۆنگرە گوتی: "کۆنگرەی ھەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆتایی ھات و ئەم کۆنگرەیە شەش ئەرکی ھەبوو کە بریتیی بوون کە خوێندنەوەی راپۆڕتی خولی رابردوو، گفتوگۆکردن لەسەر پەیڕەو پڕۆگرام، ھەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە ٤٣ کەس بوون، ئەنجوومەنی چاودێری، گوتەی ئەمینداری گشتی، دەستنیشانیکردنی ھێڵە گشتییەکان و بەلاغی کۆتایی کە ھەشت خاڵ بوون پەسەندکراون".گوتەبێژی کۆنگرە گوتیشی: "لە چوار ساڵی داھاتوودا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێداگردەبێت لەسەر بنەماکانی دەستووری، چاکسازی و پەیڕەوی دیموکراسی".
لەم کۆنگرەیەدا پێنج کەس کە پێشووتر ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوون خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید نەکردەوە و دوو کەسیش لە کۆنگرە بۆ سەرکردایەتی ئەو حزبە دەنگی پێویستیان نەهێنا کە پێشتر ئەندامی سەکردایەتی بوون.
دوێنێ لەمیانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین بە بەدەستهێنانی ٥٤٦ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەڕێژەی سەدا ٦٢ توانی ببێت بە ئەمنیداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و رکابەرەکەیشی ئەبوبەکر کاروانی، ٣٤٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەست هێنا.
لە کۆنگرەی شەشەمی ساڵی ٢٠١٢ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین خۆی بۆ پۆستەکەی کاندید نەکردەوە و ئەم پۆستە لەلایەن محەمەد فەرەج بەڕێوەبردرا تا کۆنگرەی حەفتەم لە ساڵی ٢٠١٦ جارێکی دیکە سەڵاحەددین بەھائەددین توانی ببێتەوە بە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و تا ئێستا لەم پۆستە ماوەتەوە و دوێنێش جارێکی دیکە بە ئەمینداری گشتی ئەو حزبە هەڵبژێردرایەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شەشی شوباتی ١٩٩٤ خۆی راگەیاند و لە ساڵی ١٩٩٦ دووەم کۆنگرە و لە ١٩٩٩ سێیەم کۆنگرە و لە ٢٠٠٥ چوارەم کۆنگرە و لە ٢٠٠٨ پێنجەم کۆنگرە و لە ٢٠١٢ شەشەم کۆنگرە و لە ٢٠١٦ حەفتەم کۆنگرە و دوێنێ شەممەش ٢٨/١٢/٢٠١٩ هەشتەم کۆنگرەی خۆی بەست و ئەمڕۆش یەکشەممە کۆتایی بە کۆنگرەی هەشتەم هات.