Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
ههولێر - AA
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری پێشووی کەرکووک رایگەیاند کە دوێنێ ھەینی پارێزگاری پێشووی کەرکووک نەجمەدین کەریم بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.
لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە: ''بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند رۆژی رابردوو پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم، لە رۆژی ھەینی کاتژمێر ١١ی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکرد''.
ئاماژە بەوەشکراوە کە، "لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی دکتۆر نەجمەدین کەریم دەگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە کوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەو کاتەی شاری کەرکووک ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی ھێزەکانی پێشمەرگە دەبێت و، بە شێوەیەکی ھەمیشەیی دەبردرێتەوە بۆ شاری کەرکووک".
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەشدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە، "دکتۆر نەجمەدین کەریم، پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، راسپاردەی ئەوەی بەجێھێشت، کە لەبەر سەلامەتی و تەندروستی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھیچ جۆرە قەرەباڵغی و پرسەیەکی بۆ دانەندرێت".
نەجمەدین عومەر کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٩ لە گەڕەکی رەشیداوەی شاری کەرکووک لە دایکبووە و، لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
لە دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا.
ھاوکات لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری کەرکووک کە دووەم پارێزگاری کەرکووک بوو لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا رۆژی ١٦ی ئوکتۆبەر و دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کەرکووکی بەجێھێشت و لە ھەولێر نیشتەجێ بوو و، پێش ماوەیەکیش بەھۆی نەخۆشییەوە سەردانی ئەمریکای کرد و شەوی ھەینی رابردووش بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.