Haydar Karaalp
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
سوپای عێراق، خێوەتەكانی خۆپیشاندەرانیان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا هەڵگرت، بێ ئەوەی هیچ رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانێك لە نێوان هەردوولادا رووبدات.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، خێوەتەكانی خۆپیشاندەران كە لە گۆڕەپانی تەحریر لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڵگیراون، بێ ئەوەی هیچ رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانێك لە نێوان هەردوولادا رووبدات.
لەگەڵ هەڵگرتنی خێوەتەكانی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، قەیس محەمەداوی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دووبارە رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كراونەتەوە.
قەس محەمەداوی راشیگەیاندووە كە بە كردنەوەی رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری، قەرەباڵغی هاتوچۆ لە ناوەڕاستی بەغدا كەمدەبێتەوە.
لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ەوە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا داخستبوو.
بەم دواییانە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای كردبوو كە دووبارە رێگە سەرەكییەكانی ناوەڕاستی بەغدا بە رووی هاتوچۆدا بكرێنەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوودا حكوومەتی عێراق رایگەیاندبوو لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە بۆنەی یەكەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩، ئەنجامدران، ٤٠ خۆپیشاندەر و ٢٠٠ كارمەندی ئەمنی برینداربوون و ١٤١ خۆپیشاندەر دەستگیركراون.