Sarmand Hameed
06 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
بە بەشداریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی کەسایەتی و سیاسەتمەداری کوردستان و پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم، لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بەڕێوەچوو.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێوڕەسمەکەدا وێڕای خێزان و کەسوکار و دۆستانی نەجمەدین کەریم، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاوی وەزیران و نوێنەرانی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومی و حیزبی ئامادە بوون. دوای دانانی تاچەگوڵینە لەسەر تەرمی خوالێخشبوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، گوتەیەکی لەبارەی ژیان و خەبات و ڕۆڵ و پێگەی نەجمەدین کەریم پێشکەش کرد.
ئەمە دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە:
کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین کەریم،
ئامادەبووانی بەڕێز،
کوردستانیانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ ھەموومان لێرە بە خەمباری، بەڵام بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی کەسایەتیی لێھاتوو و تێکۆشەری کوردستان، د. نەجمەدین کەریم دەکەین. د. نەجمەدین کەریم بە سەربەرزی ژیا، ھەر یەکێک لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بکاتەوە، ئەمڕۆش ئێمە ھەموومان پێکەوە بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی دەکەین.
د. نەجمەدین کەریم کەسێکی ئازا و بوێر بوو. ئازایەتییەکی کەرکووکیانە و گەرمیانیانە لە خوێنیدا ھەبوو، ھەر ئەو بوێرییەش وایکرد چەندین ھەڵوێست بخاتە مێژووی خەبات و کار و ژیانی خۆیەوە. د. نەجمەدین کەریم بەر لە تەواوکردنی خوێندنی پزیشکی لە عێراق، ببووە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، دوای تەواوکردنی خوێندنیش بەبێ دوودڵی وەک پزیشکێک پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کرد و بووە پێشمەرگە. لە ماوەیەکی کورتیشدا توانی ببێتە جێگەی متمانەی مەلا مستەفای بارزانیی رابەری شۆڕش. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاگادار و بەشداربوو لە ھەندێک لە ئامادەکارییەکان بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵان. دوای نەخۆشکەوتنەوەی بارزانیی نەمر، د. نەجمەدین کەریم وەک پزیشکێک لەگەڵی چوو بۆ ئەمریکا.
د. نەجمەدین کەریم، لە کاتی مانەوەی لە ئەمریکا خوێندنی باڵای لە بوارەکەیدا تەواو کرد و بووە یەکێک لە پزیشکە متمانەپێکراوەکان لە سەرتاسەری ئەمریکا، لە بواری ئەکادیمیشدا پێگەیەکی بەرزی ھەبوو. دکتۆر پێشکەوتنی خۆی لە بواری پزیشکیدا بۆ پەیداکردنی دۆست بۆ چارەسەری کێشەی کورد بەکارھێنا، ھەوڵی دەدا زۆرترین پشتیوانی بۆ مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت. بەڕاستی کاتی مانەوەی لە ئەمریکا، زۆر دۆستی بۆ کورد پەیدا کرد و بەردەوام کارئاسانی دەکرد بۆ شاندی پارتەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسانی ئەمەریکا ببینن و قسەیان لەگەڵ بکەن. بەو شێوەیە بە درێژاییی ژیانی لە ئەمەریکا، لە خەباتکردن بۆ کوردستان دانەبڕا و بەھۆی کارکردنییەوە بۆ کوردستان، دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لایەنەکانی ھەموو پارچەکانی تری کوردستان دروست کردبوو.
بەڕێزان..
د. نەجمەدین کەریم ساڵی ٢٠٠٩ گەڕایەوە کوردستان و بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕاستیش یەکێک بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو، د. نەجمەدین کەریمیش بۆ خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال، ئەوەی پێی کرا بە دڵسۆزی جێبەجێی دەکرد.
د. نەجمەدین عاشقی کەرکووک بوو، وەک خۆی دەیگوت کەرکووک بۆ ئەو وەکوو دڵ وایە، لەبەر ئەوەش کە نیسانی ٢٠١١ بووە پارێزگاری کەرکووک، بە عەشقەوە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ کەرکووک دەکرد و بە ھیچ شێوەیەکیش لە کارکردن بۆ کەرکووک و کەرکووکییەکان ماندوو نەدەبوو. ئەگەر تەماشای ئەو ماوەیە بکەین کە د. نەجمەدین کەریم پارێزگار بوو، دەبینین گەورەترین بووژانەوەی کەرکووک لە سەردەمی ئەودا بووە. نزیکەی (٦٠٠) قوتابخانە دروست کران، سێ دەوامی لە قوتابخانەکانی کەرکووک نەما، زیاتر لە (٣٠) بنکەی تەندروستی دروست کران، لەسەدا ٧٠ی جادەی ناو گەڕەکەکانی کەرکووک قیڕتاو کران، نەخۆشخانەی ئازادی بە شێوەیەکی زۆر باش نۆژەن کرایەوە، نەخۆشخانەیەکی گەورەی ھاوچەرخ بۆ حەویجە دروست کرا، ڕێگەی سلێمانی ـ کەرکووک ـ بەغدا، ھەروەھا رێگەی کەرکووک ـ ھەولێر کرایە جووتسایدی، بەنداوی خاسەجای دروست کرد، ساڵانە نزیکەی (٤٠٠) پڕۆژەی لە کەرکووک جێبەجێ دەکرد.
د. نەجمەدین کەریم ھەوڵی دەدا خزمەتی ھەموو کەرکووکییەکان بکات بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانەوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەوەشی دەزانی کە کەرکووک کێشەی ناوەندیی کوردستانە لە عێراق، لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک مام جەلال بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ھەوڵی دەدا کە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت.
زۆرێک لەو پرۆژانە کە بە ھاوکاریی ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک جێبەجێ دەکران، جەنابیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کە دەھات و قسەی لەگەڵ ئێمە دەکرد، ھەمیشە پێداگری لەوە دەکرد کە دەبێت ھاوکاری بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان لە کەرکووک بە شێوەیەکی باش جێبەجێ بکرێت. ئەو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ھەوڵی دەدا کە کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات، دەیزانی گرفتی بنەڕەتیی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسەلەی کەرکووکە کە جەوھەری بنەڕەتیی کێشەکانە، بەڵام بەداخەوە لەبەر پابەندنەبوونی لایەنە عێراقییەکان بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تا ئێستاش ئەو کێشەیە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەوەش زیانێکی زۆری ھەبووە و ھەیە بۆ ھەموو عێراق.
لێرەشەوە لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدین کەریمدا، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت کێشەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە دیالۆگ، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت. ھەرچەند ئەو کێشەیە دوا بخرێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیەش ئێمە جارێکی تر داوا دەکەین، پێکەوە دابنیشین و ئەو کێشانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکەین.
بەڕێزان ..
د. نەجمەدین کەریم، دوای ژیانێکی پڕ لە کار و تێکۆشان، بەجێی ھێشتین. ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھاوخەمیی خۆم و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسوکار و خزمانی، لەگەڵ خەڵکی خۆشەویستی شاری کەرکووک و ھەموو گەلی کوردستان، دووپات دەکەمەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی کاتی لە ھەولێر دەنێژرێت. ھیوادارین زوو ئەو ھیوایەی د. نەجمەدین بێتە دی کە داوای کردبوو تەرمەکی بۆ ھەمیشە بگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکووک. ھیوادارین دۆخێکی وا بە زوویی بێتە کایەوە و ئێمە بتوانین تەرمی د. نەجمەدین بگەڕێنینەوە بۆ کەرکووک.
دیسانەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری د. نەجمەدین دەکەم، سەرەخۆشی لە سۆزان خان و منداڵەکانی دەکەم، ھاوبەشی خەمیانین و ھیوادارم دوا خەمیان بێت.
ھەموو لایەکیتان بەخێر بێن، زۆر سوپاس.