Heman Hussein Yaseen
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئاماژەی بەوەکردووە دوای جەژنی نەورۆز ھەموو لایەنەکان بانگھێشت دەکات و، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە دەبێت کۆتایی بە ململانێ و ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت کە ھەرگیز لە زیان و لێکترازانی زیاتر، ھیچی دیکەی بۆ کوردستان لێ بەدینەھاتووە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیی دا ھاتووە: ''جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان، گەلی کورد و تەواوی کوردستانییان لە وڵات، لە ھەندەران، لە ھەر کوێ بن، لە پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە ئەمنییەکان، بە گەرمی و لە دڵەوە پیرۆز دەکەم، لە ھەموو ئەو گەل و وڵاتانەش پیرۆز بێت کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، ھەموو ساڵێک بە خۆشی''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیی دا ھاتووە: ''پیرۆزباییی تایبەت، سوپاس و پێزانین بۆ تەواوی تیمە پزیشکی و تەندروستییەکان و ھەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە کە بۆ ساڵی دووھەم لە بەرەی پێشەوەدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤیدی نۆزدە و گیان و سەلامەتیی ھاووڵاتییان دەپارێزن. ئەوان خزمەتێکی گەورە دەکەن، دەستی ماندوونەبوونیان دەگوشم، بە رێزەوە یادی ھاوکارانیان دەکەینەوە کە لەم پێناوەدا گیانیان بەخشی، ھەروەھا ھەموو ئەوانەش بەبیر دەھێنینەوە کە بەو پەتایە گیانیان لە دەست دا. ھاوخەمی خێزان و کەسوکاریانم. ھیوای سەلامەتی و زووچاکبوونەوە بۆ ھەموو تووشبووان دەخوازم. سوپاس و دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە و ئاسایش و زێرەڤانی و فریاکەوتن و ھەموو ئەوانەی لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیدا، ھاوکار و پشتیوانن''.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە جەژنی نەورۆز ھێمای سەرکەوتن و ژیانەوەیە بۆیە با ھەموومان سوود لە ھەڵەکانی رابردوو وەرگرین و بەخۆماندا بچینەوە، ھەروەک لە بەشێکی پەیامەکەیدا ھاتووە: ''نەورۆز جەژنی پیرۆزی نەتەوەیی و ھێمای سەرکەوتن و ژیانەوە و ئازادیی گەلی کوردە. ساڵ و سەرەتایەکی نوێیە، وەک ھەمیشە ئومێد و ھێز و ورەمان پێدەبەخشێت. با ھەموومان لە سەرەتای نوێدا بە خۆماندا بچینەوە، سوود لە ھەڵەکانی رابردوو وەرگرین و بەخشندە و لێبوردە بین. با ھەموومان بە ئومێد و گەشبینییەوە بۆ ئایندەیەکی گەشتر بڕوانین. ھەموو ھێز و توانامان یەکبخەین، پێکەوە کار بکەین، شان بدەینە بەر و سەختییەکان تێپەڕێنین، سەرکەوتن و بەرەوپێشچوون، ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ ھاووڵاتییان، مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەییمان لێ دەخوازێت. دەبێت کۆتایی بە ململانێ و ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت کە ھەرگیز لە زیان و لێکترازانی زیاتر، ھیچی دیکەی بۆ کوردستان لێ بەدینەھاتووە''.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە کە با ھەموومان، با ھەموو لایەن و پێکھاتەکان لەخۆبوردە بین، بۆ ئایندەیەکی باشتری کوردستان پێکەوە کار بکەین و دیموکراسی و ئازادی بپارێزین. ھەر لەم پێناوەدا دوای جەژن ھەموو لایەنەکان بانگھێشتی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەم.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیی دا ئاماژە بە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە و تیاییدا ھاتووە: ''بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و کێشەکانی عێراق بەگشتی، دووپاتی دەکەمەوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوکار و یارمەتیدەر دەبێت، لەپێناو سەقامگیری و ئاشتی و داھاتوویەکی باشتردا بۆ وڵات، ھەموو ھەوڵێک دەدات. دەبێت ھەمووان ئەوە باش بزانن کە چارەسەریی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کلیلی ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراقە''.
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیی دا ھاتووە: ''ئێمە بۆ ھەموو چارەسەرێکی دوور لە خۆسەپێنی ئامادەین کە مافە رەواکانی گەل و پێکھاتەکانی عێراق، تایبەتمەندی و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات، سیستەمی فیدراڵی و پرەنسیپ و بنەماکانی ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگیی راستەقینە بپارێزێت. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، پشتیوان و ھاوکار بن لە چارەسەرەکردنی کێشەکانی عێراق''.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە، ھەر لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری و لانەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لە کارکردن و ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت. لەسەر بنەمای بەھا و بەرژەوەندیی ھاوبەش، پەرە بە پەیوەندی و ھاریکاری و ھاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان دەدات. بە ھەموو توانایەکەوە لەگەڵ جیھان رووبەڕووی تیرۆر و توندڕەوی دەبینەوە.
لە کۆتاییشدا داوای لە ھاووڵاتییان کردووە کە پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن و لە پەیامەکەیدا ھاتووە: ''ھەر لەو بۆنەیەدا داوا لە ھاووڵاتیانی ئازیز دەکەم لە گەشت و سەیراندا ھەموو رێکارەکانی خۆپارێزی و یاساکانی ھاتوچۆ بە تەواوەتی ڕەچاو بکەن و خۆیان و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت. جەژنی نەورۆز لە ھەمووتان پیرۆز بێت، ھیوادارم ھەموومان جەژن و بۆنەکانی داھاتوو لە کەش و دۆخێکی باشتردا بکەینەوە''.