Zana Natık Kerem
22 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە یادی رۆژنامەگەریی کوردی-دا رایگەیاند داکۆکی لە بایەخ و گرنگیی رۆژنامەگەری و ئەرکی ڕۆژنامەنووسان دەکەینەوە کە ھەمیشە رەچاوی کارامەیی و پیشەییبوون بکەنەوە، ئەرکەکەیان بەرپرسانە و بە دروستی راپەرێنن، بە ویژدانەوە راستییەکان وەک خۆی بگەیەنن.
نێچیرڤان بارزان لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی-دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی سەد و بیست و چوارەمین ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان ـ ی میر میقداد میتحەت بەدرخان، ھەروەھا بیست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ھەموو رۆژنامەنووسانی کورد و کوردستان بەگشتی پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
ھەروەھا لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-دا، ھاتووە: "لەم یادەدا بە رێز و شکۆوە یادی تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی کوردستان دەکەینەوە کە لە ھەموو قۆناغەکاندا، خزمەتیان بە کایەی رۆژنامەگەریی کوردستان کردووە و سەردەمی شۆڕش و دوای ئازادییش، بە کارامەیی و پیشەیی، ئەرکی خۆیان راپەڕاندووە و ھەندێکیشیان لەم پێناوەدا سەریان نایەوە و گیانیان سپارد".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە: "لەم بۆنەیەدا جەخت لە ھەڵوێستی پشتگیریمان لە دیموکراسی، ئازادییەکان، ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربرین، مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەکەینەوە کە کۆڵەکەی سەرەکیی ھەر کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوون و گەلی کوردستان لەپێناویاندا خەبات و تێکۆشانی کردووە و خوێن و گیانی بۆ کردووەتە قوربانی، بۆیە ھەرگیز دەستبەرداریان نابێت، ئێمەش وەک ھەمیشە بە ھەموو توانایەک پارێزەریان دەبین".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیش داوە: "ھەر لەم یادەدا داکۆکی لە بایەخ و گرنگیی رۆژنامەگەری و ئەرکی رۆژنامەنووسان دەکەینەوە کە ھەمیشە رەچاوی کارامەیی و پیشەییبوون بکەنەوە، ئەرکەکەیان بەرپرسانە و بە دروستی راپەرێنن، بە ویژدانەوە راستییەکان وەک خۆی بگەیەنن، بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە سەرووی ھەموو شتێکەوە، بە رەخنەی بنیاتنەر و تێبینی و سەرنجتان، ھاوکار و یارمەتیدەری دامودەزگا و دامەزراوە نیشتمانییەکان بن، بۆ راستکردنەوەی ھەڵەکان و باشترکردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان".