22 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2022
دھۆک - AA
جوگرافیای دەڤەری بادینان کە بەشێکی زۆری ناوچەکە شاخاوییە و بژێوی خەڵکی لەرێگەی ئاژەڵداریی و کژوگیای بەھارییە، بەڵام بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو دەڤەرە بووەتە کۆسپ و لەمپەر بەردەم ژیانی دانیشتوانەکەی.
پەکەکە چەندین ساڵە لە چیای مەتینا، زاب و باسیان-ئاڤاشین سەربە قەزای ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری خۆی حەشار داوە ھەر بەو ھۆیەوە تا ئێستا سەدان گوند لەو ناوچەیە ئاوەدان نەکراونەتەوە.
دانیشووانی ناوچەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێن، داواکارین ئەم تەسفیەیە (پاکسازییە) تەواو بێت بۆ ئەوەی جارێکی تر گوندنشینان بتوانن بچنەوە گوندەکانیان و داوکارن پەکەکە ناوچەکەیان چۆڵ بکات.
ھاووڵاتییەکی ئامێدی بە ناوی سادق عەبدولرەحمان باسی زیانەکانی بوونی پەکەکەی کرد لە ناوچەکەیان و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ناوچەی بەرێ سیلێ لە ئامێدی شوێنێکی گەشتوگوزاریمان ھەیە ھەموو ساڵیک لە ٢٠ی نیسان تاوەکو یەکی ئایار بە شەو دەچووینە ئەوێ و لەوێ دەخەوتین، بەڵام ئەمە چەند ساڵە بەھۆی پەکەکە نەمانتوانیوە بچینە بەرێ سیلێ، لەکاتێکدا لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو ئێمە مۆلەتمان وەردەگرت و دەمانتوانی بچینە ئەو شوێنە گەشتوگوزارییە و لەوێ دەخەوتین".
سادق ئامێدی باس لەوە دەکات کە ھەموو خەڵکی ناوچەکە پێیان ناخۆشە پەکەکە لە ناوچەکە بونیان ھەبێت و گوتی: "لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەمانتوانی شەقامە سەرەکییەکان بۆ ھاتۆچو بەکاربھێنین، بەڵام ئێستا ئێمە ھەر وەکو ئەو سەردەمە ھەر دەتوانین بە تەنھا شەقامەکان بەکاربھێنین ئێمە ناتوانین زیاتر لە ١٠ مەتر دوورکەوینە لە شەقامە سەرەکییەکان".
ناوبراو گوتی: "پەکەکە ھاتووە ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەناو ببات، پەکەکە ھاتووە بەرێ سیلێ، بەرێ گارێ و ناوچەی شێلادزێ و داواکارین ناوچەکانمان بەجێ بھێڵن".
شوفێرێک بە ناوی بیلال مستەفا ئەمین گلەیی لە نەبوونی ئیش وکار دەکات لە سنووری قەزای ئامێدی و گوتی: "ئێمە لەناخۆشیدا دەژین، خەڵک پێشتر بۆ خۆیان دەچوونە گیا بەھارییەکان، بەڵام ئێستا ئەویش نەماوە، پەکەکە لەو ناوچانە ھەیە، بەڵام نایەنە ئامێدی لەناو شاخ ھەن، ئێمە سەرەدەری لەگەڵ پەکەکە ناکەین، زۆبەی گۆندەکانی کوردستان چۆڵکراون بەھوی پەکەکە لە ناوچەکە، داواکارین پەکەکە ناوچەکانمان چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت کار بکات و بژێت، چونکە لە ناوچەی شێلادزێ تاوەکو سوارەتووکا خەڵک بێ بەش بووە لە ھێنانی گیا بەھارییەکان".
ناوبرا دەشلێت: "ئێمە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین ئەو تەسفیەیە(پاکسازییە) نەمێنێت با ئێمە قەڵغان نەبین بۆ ئەوان، ھیوادارین لە نێو ئێمە دربچن و ئەو خەڵکە بۆ خۆی بژیت ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو ناوچەیە ھەر لە خۆیەوە مردووە و کار نییە بژێویمان تەنیا کژوگیای بەھارییە ئەویش لە دەستمان چووە".
کاسبکارێک کە ئیشی کڕین و فرۆشتنی گیا بەھارییەکانە بە ناوی ئومێد ھاشم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "رەوشی ناوچەکەمان زۆر مەترسیدارە، لەم ١٠ ساڵەدا خەڵک بێبەش بووە لە بەروبوومی گوندەکان، تاکە رێگای بژێوی خەڵکی ئەم ناوچەیە گیا بەھارییەکانە، لە ئەویش ئێستادا بێ بەشن، و ئیترخەڵک دەترسێت داواکارین ئەم شەڕە بوەستێت و چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە".
مامۆستایەک بە ناوی یوسف محسن گوتی: "خەڵکی شێلادزێ و دەورووبەری گەماڕودراون، وای لێھاتووە ئەوەی لە شەقامی گشتی دەربچێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، شێلادزێ زۆر گۆندی لێیە و ژیانی خەڵکەکە لەسەر گیا بەھارییەکانە لەبەر ئەم ئاڵوزییانە خەڵک ناوێرێت بچێتە شاخ و گیا بھێنێت و لە بازاڕەکاندا بفڕۆشێت، خەڵکی ئەم ناوچەیە بێکارن، بژێوی ژیانیان لەسەر باخ و بیستانە، داواکارین ئەم شەڕە لێمان دوورکەوێت، ئێمەش تۆزێک مورتاح ببین، لە سەردەمی رژێمی بەعس خەڵک زۆر بە ئاسایی دەچووە سەر زێدی خۆیان، بەڵام ئێستا خەڵک ناتوانێت بچێتە سەر گوندەکانیان بۆیە داواکارین خەڵک لەم نەھامەتییە رزگاری بکەن".