نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ دۆخی عێراق و ناوچه‌که تاوتوێ ده‌که‌ن
- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ کرد.
Arbil
هەولێر - AA
سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له دۆخی كورد له سووریا، داوای له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ كرد وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ئێستا و داهاتووی سووریادا هاوکاری بکه‌ن بۆ پاراستنی مافه‌کانی کورد له‌و وڵاته، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و رووسیای كرد كه له كاته سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانیان کردووه و سوپاسی سه‌ردانی لاڤرۆڤی بۆ هەولێر كرد و سه‌ردانه‌كه‌ی به نیشانه‌ی پشتگیری له هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌ڵه‌م دا.
ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه ٢٠١٩/١٠/٧ له هه‌ولێر، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سێرگی لاڤرۆڤ به‌رده‌وامیی پشتگیریی رووسیای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و خۆشحاڵیی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ده‌ربڕی.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی رووسیا سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه به كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا رووسییه‌كان دراوه تا وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له كه‌رتی وزه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی هاوكاریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوولا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ مۆسكۆ، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له عێراق و ناوچه‌كه، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاوتوێ كرد.