Heman Hussein Yaseen
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق، میتیا لێسکۆڤار کرد کە دوای دەستبەکاربوونی، یەکەمجارە بە فەرمی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دانیشتنێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرھێنان و پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی، ھیوای سەرکەوتنی بۆ میتیا لێسکۆڤار خواستووە و دووپاتیکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤاتیکان دەڕوانێت، ھەروەھا سەردانی قەداسەتی پاپای بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە رووداوێکی مێژوویی لە قەڵەمداوە و ھیوای خواستوە ببێتە ھاندەری گەڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ وڵاتەکەیان کە بەھۆی شەڕ و توندوتیژییەکانی ساڵانی رابردووەوە، ژمارەیەکی زۆریان عێراقیان جێھێشتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی کردنەوەی زانکۆی کاتۆلیکی لە عەنکاوە بە ھەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی لە قەڵەمداوە و جەختیکردووەتەوە کە پەروەردە بناغەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی باش و پێشکەوتووە، بۆیە دەبێت ئەوپەڕی گرنگی بە کوالیتیی خوێندن و کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی بدرێت و زانکۆکان تۆڕی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی جیھان دروست بکەن بۆ ئەوی زۆرترین سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان ببینن و ببنە پردی پەیوەندی و پتەوکردنی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن.
ئاماژەی بەوەشداوە کە باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق، میتیا لێسکۆڤار سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە کە لەگەڵ ئاوارەکانی دیکەی عێراق دەرگای بەڕووی ئاوارە مەسیحییەکاندا کردووەتەوە و داڵدەی دان، ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڤاتیکان بە بایەخ و رێز و ستایشێکی زۆرەوە لەم ھەڵوێستە و لە کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن لە ھەرێمی کوردستان دەڕوانرێت و سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسان و گەلی کوردستان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە ھەرێمی کوردستان لە قەداسەتی پاپا کرا.
ئەوەش ھاتووە کە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و روونیکردووەتەوە کە مەسیحییەکان پێکھاتەیەکی رەسەن و سەرەکیی ھەرێمی کوردستانن و رۆڵێکی بەرچاو لە خزمەتکردن و بونیادنان و بەروپێشبردنی ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی کولتووری پێکەوەژیاندا دەگێڕن. دووپاتیشی کردەوە بۆ زامنکردنی مافی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندا کە خەریکە ئامادە دەکرێت ھەموو مافەکانی مەسیحییەکان و تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەپارێزرێت.
راشیگەیاندووە کە دۆخی دەشتی نەینەوا، رەوشی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، پێشھاتەکانی پەتای کۆرۆنا و ھەڵمەتی کوتان، پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا، ھەڵبژاردن و دۆخی عێراق بەگشتی و تەحەدییەکانی بەردەمی، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە شاندێکی کەنیسە تیایدا بەشداربوون.