Sarmand Hameed
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق، میتیا لێسكۆڤار و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی مەسعود بارزانی كردووە بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و بهێرشی تیرۆریستان و، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە.
میتیا لێسكۆڤار ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەردانی پاپا فڕەنسیسی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كردووە و رایگەیاندووە خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون. پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە كە "ئەو كولتوورە ریشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە".
مەسعود بارزانی جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە "ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێ لەسەر بنەمای رەفتارەكەی بێت نەک بیروڕای".