مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات
- سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی و شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق کرد.
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەھدی و شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق کرد.
بە پێی ھەوالێکی ماڵپەری مەسعود بارزانی لە دیدارەکەدا بارودوخی سیاسیی عێراق و پێشھات و گرژیییەکانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی بۆ ھەڵوێستی بارزانی و ھەرێمی کوردستان لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق ھەبوو و بە ھەڵوێستی ھاوسەنگ و بەرز لەقەڵەمی دا و جەختیشی لە ھەماھەنگی و برایەتی و پەیوەندیی بەردەوامی ھەردوولا کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەوەی دووپات کردەوە کە خوازیاری ئەوەیە کێشە و قەیرانەکانی عێراق چارەسەر ببن و لەگەڵ ئەوەدایە کە بۆ نەھێشتنی گرفتەکان، ڕێگەچارەی دوور لە موزایەدات و عەقڵانی و لە چوارچێوەی میکانیزمە دەستوورییەکان بگیرێتەبەر.
لە هەوالەکەدا هاتووە، لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کەوتووەتە قۆناغێکی ئیجابی و نوێ و بەردەوامیی ئەو کەشە ئیجابییەی نێوان ھەردوولا بە پێویست زانرا. ھەڕەشە و مەترسییەکانی بەھێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو کۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سکرتێر و د. ڕۆژ نووری شاوێس و ھۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون.