Zana Natık Kerem
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال-دا رایگەیاند "ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە".
مەسعود بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال-دا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "لە سی و دووەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی رۆڵەكانی گەلەكەماندا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "بۆیە دیسانیش جەخت دەکەینەوە کە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام، هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و رووفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتمان".