Fakhradın Ibrahım Mohammad
23 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق د. ئەحمەد ریاز تالب كرد.
ماڵپەڕی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بڵاویکردووەتەوە کە لە دیدارەكەدا پرسی خۆپیشاندانی عێراق و خواست و داواکارییەکانی گەنجانی عێراقی تاوتوێکراوە و جەخت لەسەر پاڵپشتی خواست و داواکارییان کراوەتەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق سوپاسی هەڵوێست و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كردووە لەمەڕ قووڵكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان و عێراق.
هەروەها لە كۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها داخوازییەكانی خۆپێشاندەران و جیلی نوێ و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پاڵپشتی لە داواكاریی گەنجان و جیلی نوێ بكرێت و كار بۆ پێشخستنی ڕەوشی گەنجان و وەرزش لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت.